هه‌واڵگرى ئه‌ڵمانيا له باره‌ى هێرشى ئه‌ليكترۆنى رووسه‌كانه‌وه هۆشدارى دا
له باره‌ى هێرشى ئه‌ليكترۆنى رووسه‌كان بۆ سه‌ر پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌ڵمانيا كه بڕياره ساڵى داهاتوو ئه‌نجام بدرێت.
K24 – هه‌ولێر:
به‌ڕێوبه‌رى هه‌واڵگرى ئه‌ڵمانيا هۆشدارى دا له باره‌ى هێرشى ئه‌ليكترۆنى رووسه‌كان بۆ سه‌ر پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌ڵمانيا كه بڕياره ساڵى داهاتوو ئه‌نجام بدرێت.
رۆيته‌رز بڵاويكردووه‌ته‌وه، برۆنۆ كال، به‌ڕێوبه‌رى نوێى هه‌واڵگرى ئه‌ڵمانيا رايگه‌ياندووه، به‌ڵگه‌مان له‌به‌ر ده‌سته ئه‌و هێرشانه‌ى له رێگه‌ى ئينته‌رنێته‌وه له دژمان ئه‌نجامده‌درێن، هيچ ئامانجێكيان نييه جگه له‌وه‌ى ده‌يانه‌وێت گومان و دڕدۆنگى له باره‌ى پرۆسه‌ى سياسى وڵاته‌كه‌مانه‌وه درووست بكه‌ن.
گوتيشى: هێرشبه‌ره‌كان به لايانهوه گرنگه شه‌رعييه‌ت له پرۆسه‌ى ديموكراتى ئێمه دابماڵن.
هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه پێشتر به‌ڕێوبه‌رى هه‌واڵگرى ناوخۆيى ئه‌ڵمانيا هانس گيورگ ماسن به رۆيته‌رزى راگه‌ياندبوو، ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌رلين، مه‌ترسيى ئه‌وه‌يان هه‌يه رووسيا ده‌ستتێوه‌ردان بكات و له رێگه‌ى به‌كارهێنانى چيرۆكى هه‌واڵى چه‌واشه‌كارانه‌وه بيه‌وێت كاريگه‌رى له‌سه‌ر پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى گشتيى ئه‌ڵمانيا درووست بكات.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، پێش هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تى ئه‌مريكا، به‌رپرسێكى باڵاى هه‌واڵگرى ئه‌مريكا نيگه‌رانى خۆى سه‌باره‌ت به ده‌ستكارى كردنى ئه‌نجامى ده‌نگه‌كان نهشاردبوويهوه، به تايبه‌تى ئه‌گه‌ر بێت و رووسه‌كان هه‌وڵێكى له‌و جۆره بده‌ن.