پوتین نێوانگیری نێوان خامه‌نه‌یی و جێنشینی سعودیه ده‌كات
K24 – هه‌ولێر
رێككه‌وتنی ئۆپێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به ئامانجی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی به نێوانگیری ڤلادیمیر پوتین سه‌رۆكی روسیا نێوان جێنشینی سعودیا محه‌مه‌د بن سه‌ڵمان و رێبه‌ری ئێران عه‌لی خامه‌نه‌یی و سه‌رۆك كۆماری ئه‌م وڵاته حه‌سه‌ن روحانی به‌ده‌ستهات.
رۆیته‌رز به ئاماژه‌پێدان به‌م هه‌وڵه‌ی پوتین بڵاوی كرده‌وه رۆڵێكی گرنگ بۆ یارمه‌تیدانی ئۆپێك گێڕا بۆ ئه‌وه‌ی ئێران و سعودیه ناكۆكییه‌كانیان وه‌لا بنێن بۆ گه‌یشتن به یه‌كه‌م رێككه‌وتنی ئۆپێك له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئۆپێك پاش 15 ساڵ.
رۆڵی نێوانگیری پوتین نێوان تاران و ریاز سه‌ره‌كی بووه و گواهیدهرهكیشه بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی دهستڕویشتوویی سوریا له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین، له‌وه‌ته‌ی كه ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی له شه‌ڕی ناوخۆی سوریا كرد.
رۆڵی پوتین له‌و كاته‌وه ده‌ستیپێكرد كه له مانگی ئه‌یلولی رابردوو له كۆبوونه‌وه‌ی جی 20 له چین له‌گه‌ڵ جێنشینی سعودییه محه‌مه‌د بن سه‌ڵمان كۆ بووه.
هه‌ردوو له‌سه‌ر هاوكاری بۆ یارمه‌تیدانی بازاڕی نه‌وت و به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی رێككه‌وتن.
له لایه‌كی تره‌وه پوتین په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری ئێران حه‌سه‌ن روحانی ئه‌نجامدا و پاش ئه‌م ته‌له‌فۆنه، روحانی له‌گه‌ل وه‌زیری نه‌وته‌كه‌ی، بیژه‌ن زه‌نگه‌نه سه‌ردانی عه‌لی خامه‌نه‌یی كرد بۆ وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی.
به‌پێی دوایین رێككه‌وتنی ئۆپێك له رۆژی 30 تشرینی دووه‌می 2016، بڕی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی وڵاتانی ئه‌ندامی ئۆپێك به رێژه‌ی 1.2 ملیۆن به‌رمیل له رۆژێكدا كه‌م ده‌كرێته‌وه و ئاستی گشتی به‌رهه‌مه‌كه‌ی بۆ 32.5 ملیۆن به‌رمیل له رۆژێكدا داده‌بەزێت.
سعودیا رۆژانه 500 هه‌زار به‌رمیل بڕی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته‌كه‌ی كه‌م ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئۆپێك له ئێران خۆش بوو، چونكه به‌هۆی ئابڵۆقه‌كانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه بڕی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته‌كه‌ی دابه‌زیوه.
بڕیاره له سه‌ره‌تای 2017 رێككه‌وتنی ئۆپێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی به‌رهه‌مێنانی نه‌وت جێبه‌جێ بكرێت كه له رۆژی یه‌كه‌می رێككه‌وتنه‌كه نرخی نه‌وت نزیكه‌ی 10% به‌رز بووه و نرخی هه‌ر به‌رمیلی نه‌وتی برێنت گه‌یشته سه‌رووی 53 دۆلار.