فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ هه‌واڵێك ره‌ت ده‌كاته‌وه
رێوشوێنی یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌زگایانه‌ی راگه‌یاندن ده‌گرێته‌به‌ر
K24 – هه‌ولێر
پاش ئه‌وه‌ی هه‌واڵی به ئامانجكردنی سوپای عێراق له لایه‌ن فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و كوژرانی 90 سه‌رباز بڵاو كرایه‌وه، فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ به په‌له وه‌ڵامی ئه‌و ده‌نگۆیه دایه‌وه.
شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له فه‌یسبووك بڵاوی كرده‌وه هیچ هه‌ڵه‌یه‌ك له چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ رووی نه‌داوه و داوا له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن كرد خۆیان له بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ساخته بپارێزن.
هۆشداریشی دا به‌رامبه‌ر هه‌ر ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن رێوشوێنی یاسایی ده‌گرنه‌به‌ر كه هه‌وڵی "درۆ" بڵاو بكاته‌وه.
رونكردنه‌وه‌ی شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی موسڵ پاش ئەوە ھات كە ھەندێ لە میدیا عەربییەكان بڵاویان كردەوە، فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان بە ھەڵە ھێرشیان كردووه‌ته سەر سوپای عێراق و 90 سەرباز كوژران و نزیكەی 100 دیكەشی بریندار بوون.
راشیانگه‌یاند به هه‌زاران كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی زیانیان به‌ر كه‌وتووه و به ناچاری سوپا پاشه‌كشه كرد و هه‌ندێ له سه‌ربازانی فیرقه‌ی نۆ له لایه‌ن داعشه‌وه گیراون.
له ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی رابردوو سوپای عێراق له گه‌ڕه‌كی وه‌حده چووه ناو نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ڵام، به‌ڵام رۆژی دواتر داعش به شه‌ش ئۆتۆمبێلی بۆمبه‌كراوی خۆكوژ هێرشی كرده سه‌ر هێزه عێراقییه‌كان و نه‌خۆشخانه‌كه‌شی گرته‌وه و هه‌ر ئه‌و كات وێنه‌ی تانكێكی سوتنێراوی سوپا بڵاو كرده‌وه.
ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به فه‌رمانی عه‌بادی و به به‌شداری نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌س له هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی و تیمێكی تایبه‌تی ئه‌مریكا و پشتگیری هاوپه‌یمانان ده‌ستیپێكرد و تا ئێستا 28 گه‌ڕه‌كی به‌ری چه‌پی موسڵیان كۆنترۆڵ كردووه.