توركیا ئاماری كوژراو و بریندارانی تەقینەوەكانی ئیستانبوڵی راگەیاند

"چەند كەسێك بەتۆمەتی پەیوەندیبوون بە تەقینەوەكان دەستگیركراون"

K24 - ھەولێر

وەزیری ناوخۆی توركیا ئاماری بریندار و كوژراوانی تەقینەوەكانی شەوی رابردووی ئیستانبوڵی راگەیاند، بە گوێرەی ئەو ئامارە تەقینەوەكە نزیكەی 200 كوژراو  وبرینداری لێكەوتووەتەوە.

سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا بە میدیاكارانی رایگەیاند: "لە ئەنجامی تەقینەوەكانی شەوی رابردووی ئیستابنوڵ 29 كەس كوژران و 166 دیكەش برینداربوون، لەنێو كوژراواندا 2 ھاووڵاتی سڤیل ھەن و ئەوانی دیكەش پۆلیسن، ھەروەھا یەكێك لە كوژراوەكان بەڕێوەبەری ئاسایشە".

نزیك کاتژمێر 10:30 شەوی رابردوو لە شاری ئیستانبوڵ دوای یاری نێوان بەشیکتاش و بورساسپۆر، لەو شوێنەی کە ھێزەکانی پۆلیسی لێ دەوەستن ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو تەقییەوە، كەمێك دوای ئەوە لە پارکی ماچکا، خۆکوژێک خۆی تەقاندەوە.

وەزیر ناوخۆی توركیا ئاشكرای كرد: "لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستیپێكردووە و تا ئێستا 10 بە تۆمەتی پەیوەندی بوون بە تەقینەوەكانی شەوی رابردوو دەستگیركراون.