هه‌ڵۆكانی ئازادی كوردستان به‌رپرسیارێتی خۆی له ته‌قینه‌وه‌كانی ئیستانبول راگه‌یاند
به‌هۆی 38 پۆلیس كوژران و 150ی دیكه‌ش برینداربوون
K24 - هه‌ولێر:
رێكخراوی هه‌ڵۆكانی ئازادی كوردستان ناسراو به تاك به‌رپرسیارێتی خۆی له ته‌قینه‌وه‌كانی دوێنێ شه‌وی ئیستا‌نبوڵ راگه‌یاند، كه بەهۆیانه‌وه 38 كەس گیانیان لەدەست دا و 155 كەسی دیكەش برینداربوون.
رێكخراوه‌كه له راگه‌یه‌ندراوێكدا، له‌سه‌ر وێبسایتی فه‌رمی خۆیان له ئینته‌رنێت، به‌رپرسیارێتی خۆیان له ئه‌نجامدانی ته‌قینه‌وه‌كه راگه‌یاندووه و یه‌كێك له كرده‌وه‌كانیش، خۆكوژیی بووه.
تەقینەوەی یه‌كه‌م لە رێگەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو كه لە بەردەم یاریگای بێشكتاش لە دوای یاری نێوان بێشكتاش و بورسا سپۆر روویدا و تیمێكی پۆلیسی كردە ئامانج.
خووله‌كێك دوای تەقینەوه‌ی یه‌كه‌م، كەسێك لە پاركێك خۆی بە تیمێكی دیكەی پۆلیسدا تەقاندەوە.
لە ئەنجامی هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌كه‌شدا، 38 كەس كوژران و زۆربەی كوژراوەكانیش پۆلیسن و 155 كەسی دیكه‌ش برینداربوون.
سلێمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی توركیاش ده‌ستگیركردنی سێزده كه‌سی به تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی هه‌بوون به ته‌قینه‌وه‌كان راگه‌یاند و گوتیشی لێكۆلینه‌وه به‌رده‌وامه.