ئەمریكا ژمارەی چه‌كدارانی داعش لە ناو موسڵ ئاشكرا دەكات
لە نێوان 3 بۆ 5 هەزار چەکداری داعش لە ناو موسڵ بەرگری دەکەن
K24 – ھەولێر
فەرماندەی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش رایگەیاند دوو ھەزار چەكداری داعش لە شەڕی موسڵ كوژراون یان بریندار بوونە و ئێستا له نێوان 3 بۆ 5 هه‌زار چه‌كداری داعش له‌ناو موسل به‌رگری ده‌كه‌ن و به‌ر له شه‌ڕی موسڵ ژماره‌یان ده‌گه‌یشته 6 هه‌زار چه‌كدار.
بە پێی ھەواڵێكی VOA، جەنەراڵ ستیڤن تاونسیند لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئاشتۆن کارتێر لە بنکەی ئاسمانی گەیارە رایگەیاند لە نێوان 3 بۆ 5 هەزار چەکداری داعش لە ناو موسڵ بەرگری دەکەن و گوتیشی "بە پێی زانیارییەکانی ئێمە پێمان وایە زیاتر لە 2 هەزار چەکداری داعشمان کوشتووە یان زۆر بە سەختی بریندار کردووە".
بە پشت بەستن بە زانیارییە هەواڵگریەکانی ئەمریکا گوتی بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ، داعش 3500 تا 6000 چەکداری لە ناو شارەکەدا هەبوو، بەڵام ئێستا لەو بڕوایە داین 3000 تا 5000 چەکدارن.
ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به فه‌رمانی عه‌بادی و به به‌شداری نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌س له هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی و تیمێكی تایبه‌تی ئه‌مریكا و پشتگیری هاوپه‌یمانان ده‌ستیپێكرد و تا ئێستا زیاتر له نێوه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی به‌ری چه‌پی موسڵیان كۆنترۆڵ كراون.
وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئاشتۆن کارتێر رۆژی یەكشەممە 11 كانوونی یەكەم سەردانی بەغدا و ھەولێری كرد و بە جیا لەگەڵ ھەر یەك له حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كۆ بووەوە، ھەروەھا سەردانی بنکەی ئاسمانی گەیارەشی كرد كە سەربازانی ئەمریكا تێیدا جێگیر كراون.