داعش رۆژنامه‌نووسێكی كوشت

له‌ رۆژنامه‌ و كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كانی عێراق كاریكردووه‌

K24 – هه‌ولێر:

چه‌كدارانی داعش رۆژنامه‌نووسێكی عێراقییان له‌ ناوه‌ڕاستی شاری موسڵ كوشتووه‌ و روانگه‌ی عێراقی بۆ ئازادییه‌كان ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 12/12/2016 هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاستكردووه‌ته‌وه‌.

روانگه‌ی عێراقی بۆ ئازادییه‌كان كه‌ سه‌ر به‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی عێراقییه‌ رایگه‌یاندووه‌"رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ وێنه‌گر بووه‌ له‌ رۆژنامه‌ی ناوخۆیی(الحقیقة) و ناوی (هاشم فارس) ه‌ و پێشتریش له‌ كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی (الدیار)ی عێراقی و چه‌ند رۆژنامه‌یه‌كی دیكه‌ی ناوخۆیی عێراق  كاریكردووه‌،تا ئێستاش ئاشكرا نه‌بووه‌ كه‌ چه‌كدارانی داعش به‌ چ تۆمه‌تێك كوشتوویانه‌.

روانگه‌كه‌ سه‌رنجی خستووه‌ته‌ سه‌ر رووداوی كوشتنی چه‌ندین رۆژنامه‌نووس و رۆشنبیر و چالاكوانی دیكه‌ ،كه‌ له‌ لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا به‌ شێوازی جۆراوجۆر كوژراون و تۆمه‌تی هاوكاریكردنی هێزه‌ حكومییه‌كانی عێراق و هاندانی خه‌ڵك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشی خستبووه‌ته‌ پاڵیان و نه‌یهێشتووه‌ له‌ شاری موسڵدا كه‌سانی وابمێننه‌وه‌.

له‌باره‌ی رووداوی كوشتنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌وه‌ (ئیمان جبوری) سه‌رۆكی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌ موسڵ رایگه‌یاندووه‌: رێكخراوی داعش وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان هه‌مووان ده‌كه‌نه‌ ئامانج به‌ تایبه‌تی رۆژنامه‌نووسان،چونكه‌ ده‌ترسن رۆژنامه‌نووسه‌كان راستییه‌كان باس بكه‌ن‌ و ئه‌وه ره‌وشه‌ی له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدا رووده‌دات بۆ میدیاكان بگوازنه‌وه‌.

عێراق یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ مه‌ترسیداره‌ بۆ كاری رۆژنامه‌وانی و سه‌دان رۆژنامه‌نووس له‌ پاش ساڵی 2003 وه‌ تا ئێستا به‌ هۆكار و شێوازی جۆراوجۆر كوژراون،روانگه‌ی عێراقی و سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی عێراقی له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێن تا ئێستا ژماره‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی له‌ عێراقدا كوژراون گه‌یشتوونه‌ته‌ "420" رۆژنامه‌وان.