رێككه‌وتنی نهێنی ئێران و توركیا له‌باره‌ی سوریا شكستی هێنا
رۆڵی به‌شار ئه‌سه‌د له ئایندهی سوریا شكستی به رێككه‌وتنی ئیران و توركیا هێنا
K24 – هه‌والێر
ئێران و توركیا له ساڵی 2013 چه‌ندین گفتوگۆی نهێنیان له‌باره‌ی ره‌وشی سوریا ئه‌نجامدا، به‌ڵام ئه‌مساڵ دانوستانه‌كانیان به‌هۆی گومانی دوو لایه‌نه شكستی خوارد.
رۆژنامه‌ی گاردیان راپۆرتێكی گروپی قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران و توركیا ئاشكرا ده‌كات، كه هاوكاته له‌گه‌ڵ پێشڕه‌ی هێزه‌كانی سوریا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌وانه ئێران و ده‌نگۆی ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵكوژی.
ئه‌م راپۆرته دوایین زنجیره هه‌وڵی دیپلۆماسی شكستخواردووه به درێژایی نزیكه‌ی شه‌ش ساڵ شه‌ڕی ناوخۆی سوریا كه زیاتر له نیو ملیۆن كه‌س بوونه‌ته قوربانی.
له مانگی ئه‌یلولی 2013 سێ مانگ پاش هه‌ڵبژاردنی حه‌سه‌ن روحانی سه‌رۆك كۆماری پراگماتیزمی ئیران، تاران پرۆژه‌یه‌كی ئاشتی پێشكه‌ش به ئه‌نقه‌ره كرد كه به راوێژ له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی هێزی قودس سوپای پاسداران بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی سوپا ئاماده كرابوو.
له پلانه‌كه‌دا، ئاگربه‌ست گره‌نتی كرابوو و پاشان حكومه‌تێكی نیشتمانی پێك ده‌هنێرێت و ده‌ستوور هه‌موار ده‌كرێته‌وه بۆ سنوورداركردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك. له هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه بوو، دواتر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مان له ژێر چاودێری نه‌ته‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت.
پلانه‌كه له ئه‌نجامی چه‌ند مانگ هاتوچۆی دیپلۆماسی نێوان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف و هاوتا توركه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د داوودئۆغلو ئاماده‌كرا، به‌ڵام له كۆتاییدا به‌هۆی ئایندهی رۆڵی به‌شار ئه‌سه‌د شكستی خوارد.
له راپۆرته‌كه‌دا لێدوانێكی جه‌واد زه‌ریف هه‌یه كه ده‌ڵێت "له‌سه‌ر هه‌موو ورده‌كارییه‌كان رێككه‌وتین، بێجگه له ماده‌یه‌كی به‌شی كۆتایی بۆ به‌رێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له‌ژێر چاودێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان. به‌رپرسانی تورك داوای رویشتنی به‌شار ئه‌سه‌دیان ده‌كرد".
هه‌ر له‌مباره‌وه ده‌ڵێت " ئاماژه‌م به‌وه‌دا نابێت رۆڵی ئه‌سه‌د جێگه نیگه‌رانی بێت، مادام كه هه‌ڵبژاردن له ژێر چاودێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌ڕێوه ده‌چیت، به‌ڵام داوودئۆغلو ره‌تی كرده‌وه و له ئه‌نجامدا هه‌وڵه‌كانمان به‌رباد بوون".
راپۆرته‌كه له‌ژێر ناوی "توركیا و ئێران: هاوڕێیانی تاڵ، ركابه‌رانی سنگكراوه" بڵاو كراوه‌ته‌وه، حكومه‌تی توركیا باوه‌ری به‌وه نه‌بوو ئه‌سه‌د هه‌ر جۆره پرۆسه‌یه‌كی راگوێزه‌ری ده‌سه‌لات قبووڵ بكات كه ده‌سه‌ڵاته‌كانی كه‌م بكاته‌وه و ئه‌نقه‌ره پێی وابوو شكستی سه‌ربازی ئه‌سه‌د حه‌تمییه.
عه‌بدوڵڵا گول سه‌رۆك كۆماری ئه‌و كاتی توركیا به گرووپی قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند "حكوومه‌ته‌كه‌مان داوای رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئێران ناكات، چونكه پێی وایه ئه‌سه‌د له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگێكدا ده‌ڕوخێت".
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه "له روانینی ئه‌نقه‌ره‌وه، پێشیگرتن به دۆرانی ئه‌سه‌د له شه‌ڕ پێویستی به ئاشته‌وایی یان لانیكه‌م باشتركردنی مه‌رجه‌كانی رێككه‌وتن هه‌یه".
گروپی قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تی باس له‌وه ده‌كات دووه‌مین ده‌رفه‌تی رێككه‌وتنی تاران و ئه‌نقه‌ره پاش كوده‌تای شكستخواردووی توركیا له 15 ته‌موزی ئه‌مساڵ هاته پێش، كاتێ كه ئێران به خێرایی پشتیوانی خۆی بۆ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا ده‌ربڕی و به شێوه‌یه‌كی كاتی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان باش بوو بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كانیان له‌باره‌ی سوریا. له هه‌مان كاتدا پێشڕه‌وییه‌كانی یه‌په‌گه له باكووری سوریا (رۆژئاوای كوردستان) بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئاشته‌واییه‌كی نوێ نێوان ئه‌نقه‌ره و مۆسكۆ بهێته ئاراوه.
هه‌رچه‌نده ئێران و توركیا له‌باره‌ی چاره‌نووسی ئه‌سه‌د ناكۆكن، به‌ڵام پێداگری له‌سه‌ر دانوستان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌م پرسه، له‌وانه سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی یان په‌رله‌مانی و چۆنییه‌تی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات، پاش دوو خولی دانوستان له‌سه‌ر ئاستێكی به‌رز و شكستی به‌هۆی گومانی دوو لایه‌نه، توركیا بڕیاریدا له ژێر ناوی ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فورات ده‌ستێوه‌ردانی راسته‌وخۆ له سوریا بكات بۆ پێشیگرتن به یه‌په‌گه به یه‌كخستنی ناوچه كوردییه‌كان.
"به‌رپرسانی ئێران سه‌رسام بوون كه توركیا ئاگاداریان نه‌كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه به‌رپرسه باڵاكانی ئێرانی رۆژێك پێشتر له ئه‌نقه‌ره بوون. توركیا له‌وانه‌یه له‌وه ده‌ترسا ئێران به‌رپرسانی یه‌په‌گه ئاگادار بكاته‌وه"، هه‌ر وه‌ك له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه.