عامری: سیاسییه‌كانی داعش خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا ده‌ترسێنن
ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در: هۆزه‌كانی نه‌ینه‌وا هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبییان له ئامێزگرتووه
K24 – هه‌ولێر:
هادی عامری ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در به توندی ره‌خنه له‌و كه‌سانه ده‌گرێت كه خۆی به "سیاسییه‌كانی داعش" ناویبردوون و له‌وباره‌وه ده‌ڵێت" ئه‌و سیاسیانه‌ی داعش درۆ و پڕوپاگه‌نده‌و ترس له ناو خه‌ڵكی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌سه‌ر هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بڵاوده‌كه‌نه‌وه،ئه‌م پڕوپاگه‌ندانه‌ش له‌و كاته‌وه زیاتر په‌ره‌یسه‌ندووه كه حه‌شدی شه‌عبی له ناوچه‌كانی نه‌ینه‌وا پێشڕه‌وییانكردووه و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و پڕوپاگهندانهوه له ئامێزیان گرتوون".
له لێدوانێكدا بۆ میدیا ناوخۆییه‌كانی عێراق عامری كه سه‌ركرده‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیشه گوتوویه‌تی" سیاسییه‌كانی داعش دژی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی خه‌ڵكیان هانداوه و ترس و دڵه‌ڕاوكێیان له ناو هۆزه‌كانی نه‌ینه‌وا درووستكردووه،به‌ڵام درۆ و پڕوپاگهندهكانیان هه‌ر ئه‌و كاته پووچه‌ڵ بووه‌وه كه هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له لایه‌ن خه‌ڵك و هۆزه‌كانی ناوچه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌واوه باوه‌شیان بۆ كرایه‌وه و له ئامێزیان گرتن.
عامری ئه‌وه‌شی گوتووه" هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ستاوون به گواستنه‌وه‌ی خێزانه‌كان بۆ ناوچه ئارامه‌كان و ئه‌مه‌ش ئه‌ركی ئێمه‌یه و مژده‌یان پێده‌ده‌ین كه سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری نزیكه".
شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری موسڵ له 17/10/2016 وه به به‌شداری 45 هه‌زار له هێزه سه‌ربازییه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی عێراق له سوپا و پۆلیس و حه‌شدی شه‌عبی و پاسه‌وانی نه‌ینه‌وا شان به شانی هێزی پێشمه‌رگه ده‌ستیپێكردووه.
له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له ئاسمانه‌وه پاڵپشتی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه عێراقییه‌كان ده‌كات و تا ئێستا چه‌ند شارۆچكه و شاره‌دێ و زیاتر له 32 گه‌ڕه‌كی شاری موسڵ و گونده‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا رزگار كراوون و ئێستا موسڵ له هه‌ر چوار لاوه گه‌مارۆدراوه.