داهێنانی پزیشکێکی کورد لە ئەوروپا دەنگ دەداتەوە

سه‌رۆك وه‌زیرانی سوید به‌ داهێنه‌ر ناوی ده‌بات و سه‌ردانی سه‌نته‌ره‌كه‌ی ده‌كات

K24 – هەولێر:

 پزیشکێکی کوردی نیشتەجێی سوێد، داهێنانێکی مەزنی لە بواری دروستکردنی(دڵی دەستکرد) کردووە. بۆ یەکەمین جار دڵێکی دەستکردی هێناوەتە بەرهەم کە بووەتە جێگای بایەخی حکومەتی سویدی و خەڵکی ئەو وڵاتە و نێوەندە زانستی و پزیشکییەکان، کە لە هەمانکاتدا خاوەنی بیرۆکە و دروستکردنی ئامێری نازووریشە کە ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاییدا بەکاردەهێنرێت.

دكتۆر ئازاد نه‌جاڕ ئه‌و پزیشكه‌ كورده‌ی تا ئێستا 13 دڵی ده‌ستكردی درووستكردووه‌.

دکتۆر ئازاد نەجاڕ ئەو پزیشکە کوردەیە کە خاوەنی پرۆژەی دڵی دەستکردە و سویدییەکان و مرۆڤایەتی لە چاوەڕوانی ئەو پرۆژەیەدان کە پێشکەوتنێکی گەورە لە بواری پزیشکی و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی دڵ و شوڕشێک بۆ دڵە لە کارکەوتووەکان هەڵدەگیرسێنێت.

دكتۆر ئازاد نه‌جاڕ له‌ میانی دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی سوید له‌ باره‌ی دڵێكی ده‌ستكرد بۆ ئاماده‌بووان ده‌دوێت.

لە چەند رۆژی رابردووداسەرۆک وەزیرانی سوید ستێفان لۆفڤیەن بۆ بەسەرکردنەوەی پرۆژەی پەرەپێدانی (دڵی دەستکرد) چووەتە سەنتەری (رۆکفۆرد) کە دکتۆر ئازاد نەجاڕ و هاوکارانی کاری تێدا دەکەن، وێنەی لەگەڵ دکتۆر ئازاد نەجاڕ و ژمارەیەک پزیشک و شارەزادا گرتووە و سەرۆک وەزیرانی سوید لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە و نوسیوویەتی"لای دکتۆر ئازاد و داهێنەرەکانی سەنتەری رۆکفۆرد بووم کە سەرقاڵی پەرەپێدانی پرۆژەی دڵی دەستکردن".

سه‌رۆك وه‌زیرانی سوید  له‌ كاتی ته‌ماشاكردنی نموونه‌یه‌ك له‌ دڵی ده‌ستكرد.

ئەو پزیشکە کوردە بۆ کوردستان24 دەدوێت و زانیاری لەبارەی پرۆژەکانی و ژیان و تێڕوانینی خۆی بۆ کوردستان دەخاتەڕوو.

لە لێدوانێکدا دکتۆر ئازاد نەجاڕ زانیاری لەسەر کار و پرۆژەکانی لە بواری دروستکردنی دڵی دەستکرد ئاشکراکرد و گووتی: "تا ئێستا 13 دڵی دەستکردم درووستکردووە و ئەو پرۆژەیەش بەردەوام لە پەرەپێداندایە و بۆ ئەو مەبەستەش لەو رۆژانەدا سەرۆک وەزیرانی سوید و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکومەتەکەی سەردانیان کردووین".

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە لەو سەردانەدا سەرۆک وەزیرانی سوید لە نزیکەوە پرسیاری سیستەمی سویدی لێکردووه‌ کە بۆچوونی ئه‌و چییە لەسەری، بە تایبەتی کە سوید وڵاتێکە خاوەنی نەوت و سەرچاوەی سرووشتی ئەوتۆ نییە تا لە ڕووی ئابوورییەوە پشتی پێببەسترێت، چونکە لەو وڵاتەدا حکومەت بەردەوام پاڵپشتی لە پرۆژە و بوارەکانی داهێنان دەکات و ساڵانە بۆ ئەو مەبەستە پرۆژە و پاڵپشتی و پلانی خۆی هەیە" سوید لە سەر پاڵپشتی پرۆژەکانی داهێنان دەژی و سیستەمەکەی بۆ خزمەتی خەڵک دانراوە".

وێنه‌یه‌كی دكتۆر ئازاد نه‌جاڕ كه‌ له‌ پرۆفایلی ئه‌كاونتی فه‌یسبووكه‌كه‌ی ئاڵای كوردستانی تێكه‌ڵكردووه‌.

دکتۆر ئازاد نەجاڕ لەبارەی بنەماڵەکەشی گووتی: "من لە خێزانێکی کوردپەروەر گەورە بووم و باوکم کەسایەتییەکی سیاسی بووە و لە ریزەکانی حزبی هیوا و دواتر پارتی دیموکراتی کوردستان کاریکردووە و بەردەوام هانیداوین کە دەست بە زمان و کلتووری نەتەوەیی خۆمانەوە بگرین".

گوتیشی: "باوکم ناوی ئیبراهیم نەجاڕە و ئێستا لە تەمەنی 93 ساڵیدایە، جگە لەوەی ماوەیەک پارێزەر بووە، دکتۆرای لە زمانی کوردیدا هەیە و تا ئێستا 7 کتێبی لەسەر زمان نووسیووە".

لە بارەی سیستەمی تەندروستی کوردستانەوە، دکتۆر ئازاد ئاماژەی بەوەکرد کە  ئاگاداری سیستەمی تەندروستی هەرێمی کوردستان و عێراقە بە گشتی کە زۆر کۆنە هی ساڵانی بیستەکانە "بۆیە هەمیشە دڵم لای کوردستانی خۆمە و ئەگەر داوام لێبکرێت هەردەم ئامادەی هاتنەوەم کە هەموو شاره‌زایی خۆم بخەمە خزمەتی خەڵکی کوردستان و بەردەوامیش لە رێگەی میدیاکان و کوردستان24 وە ئاگاداری هەواڵەکانی کوردستانم".

نموونه‌ی دڵێكی ده‌ستكرد.

 د.ئازاد نەجار خەڵکی باشووری کوردستانە و پسپۆڕی (urology) یە و خاوەنی پڕۆژەی دروستکردنی دڵی دەستکردە. لە ئەگەری پەرەپێدانیدا، ژیانی دەیان هەزار کەس لە جیهان رزگار دەکات و ئومێدی ژیانیان بۆ دەگێڕێتەوە. ئەو پزیشکە کورده‌ پێشتر دڵە دەستکردەکەی لەسەر دەیان گیانلەبەر تاقیکردووەتەوە و سەرکەوتوو بووە و تاوەکو ئێستا لە ژیاندان، ئێستاش پڕۆژەکەی لە قۆناغی کۆتایی و تەواوبووندایە و بۆ یەکەمجار ئەو دڵە دەستکردەی لەسەر لەشی مرۆڤ تاقیکردووەتەوە".

 د.ئازاد نەجاڕ وەک داهێنەرێکی کورد و سوێدی دەناسرێت و ماوەی زیاتر لە 16 ساڵە لەو پرۆژەیەدا کار دەکات، حکومەتی سویدی و چەندین کۆمپانیا پاڵپشتی لە پرۆژەکەی دەکەن و سویدییەکان شانازی بەو پزیشکە کوردەوە دەکەن و چاوەڕوان دەکرێت ئەو پزیشک و داهێنەرە کوردەی سوێد، یەکێک بێت لە کاندیدە بەهێزەکانی خەڵاتی نۆبڵی ساڵی داهاتوو.

وێنه‌یه‌كی دكتۆر ئازاد نه‌جاڕ و دیلان نه‌جاڕی كوڕی و ئیبراهیم نه‌جاڕی باوكی.

دکتۆر ئازاد  لە دایکبووی ساڵی 1968 و شاری بەغدایە. لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری زاخۆی باشووری کوردستانە. بەڵام لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق گەورە بووە. ساڵی 1992 کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی موسڵ تەواو کردووە. لە ساڵی 1995 چووەتە وڵاتی سوید. تا ئێستا لەوێ دەژی و یەکێکە لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەیەکی گرنگی نەخۆشییەکانی دڵ لە شاری(ڤیسترۆس) لە سوید و یەکێکە لە پزیشکە ناسراوەکانی سوید و چەندین جار میدیاکانی ئەو وڵاتە لەبارەی شارەزایی و تواناکانییەوە نوسیوویانە .