شوێنی بەغدادی ئاشكرا كرا

ئەمریكا بڕی پارەی بۆ پێدانی زانیاری لەبارەی بەغدادی زیاد دەكات

K24 - ھەولێر

فەرماندەیەكی ھێزە تایبەتیەکانی سوپای عێراق شوێنی خۆ حەشاردانی ئەبوبەکر بەغدادی ئاشکرا کرد.

فازل بەرواری، فەرماندەی ھێزە تایبەتیەکانی سوپای عێراق رایگەیاند، ھێزەکانیان زانیاری تەواویان لەبارەی ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی چەکدارانی داعش لەلایە.

 ئەو فەرماندەیە شوێنی مانەوەی ئێستای سەرکردەی داعشی ئاشكرا كرد بە گوتەی ئەو فەرماندەی بەغدادی لە گوندی "ئەلبەعاج" لە رۆژئاوای شاری مووسڵە و زۆربەی کاتەکانی خۆی لە پەناگایەکی ژێر زەمینی بەسەردەبات.

بەرواری ئاماژەی بەوەشکرد، بەغدادی بەشێوەیەکی بەردەوام بە لێدانی ریشەکەی، روخساری خۆی دەگۆڕێت تاکو نەناسرێتەوە.

ئەوە لە كاتێكدایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕی پاداشتی دارایی بۆ پێدانی زانیاری لەبارەی ئەبوبەکر بەغدادی بۆ 25 ملیۆن دۆلار زیاد كرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشتر لە مانگی تشرینی یەکەمی 2011، بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ پێدانی زانیاری لە بارەی شوێنی بەغدادی تەرخان کردبوو کە  یارمەتی گرتن یان کوشتنی بدات.