ھەوڵدەدرێت كێشەی نەوتی سپی چارەسەر بكرێت

شاندێکی كۆمسیۆنی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق سەردانی پاڵاوگەی بازیانی کرد

K24 - سلێمانی

بە مەبەستی ئاگاداربوون لە بەرھەمھێنانی نەوتی سپی لە پاڵاوگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، لیژنەی كۆمسیۆنی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی پاڵاوگەی بازیانیان کردو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەیان بەوەکرد کە ھەوڵدەدەن کێشەی کەمی نەوتی سپی  چارەسەر بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە پاڵاوگەی بازیان لە توانایدایە بری 40 ھەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بەرھەم بێنێت.

تارق گەردی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "ئێستا رۆژانە حكوومەتی بەغدا نزیكەی 30 تانكەر نەوت بە بڕی 36 ھەزار لیتر بۆ ھەر تانكەرێك دەنێرێتە ھەرێمی كوردستان و بەسەر پارێزگاكان دابەش دەكرێت، ئەمەش وەك پشتگیرییەك بۆ كەمی نەوت كە لە پاڵاوگەكانی خەبات و بازیان كوردستان بەرھەم دەھێنرێت".

ھەر لەبارەی كێشەی نەوتی سپی لە ھەرێمی كوردستان ئارێز عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان گوتی: "پرسیارمان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی عێراق كردووە، بۆچی بڕی نەوتی پێویست بۆ ھەرێمی كوردستان نانێرن، ئەوانیش دەڵێن لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، بەڵكو لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی ھەرێمە بۆ كاروباری نەوت و گاز، بە نووسراوی فەرمی داوامان لەو ئەنجوومەنە كردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین".

ئەحمەد حاجی رەشید ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی پێیوایە نا شەفافی ھەیە لە دابەشكردنی بڕی سوتەمەنی بەسەر كۆمپانیا ناوخۆییەكان و كەمتر لەو بڕەیان پێدەدرێت كە راگەیاندراوە.