مووچەی چەكدارانی حەشدی شەعبی زیاد دەكرێت
یاساکە لەلایەن فوئاد مەعسووم سەرۆک کۆماری عێراقەوە پەسند کرا
K24 - ھەولێر
محەمەد لەکاش، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی مواتن لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، مووچەی چەکدارانی حەشدی شەعبی بۆ مانگی داھاتوو زیاد دەبێت.
لەکاش گوتی، بەگوێرەی یاسای بودجەی ساڵی 2017 مووچەی ئەندامانی حەشد، ھاوتای مووچەی ھێزە ئەمنییەکان کراوە و بەمەش، مانگی داھاتووی ساڵی نوێ، مووچەی سەرجەم خۆبەخشانی حەشدی شەعبی زیاد دەبێت.
پەرلەمانتارەکە راشیگەیاند، بڕی 2 ترلیۆن دینار لە بودجەی گشتی و سەدا 60 یش لە بڕینی مووچەی فەرمانبەران بۆ حەشدی شەعبی ئامادە دەکرێت.
دوای پەسندکردنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق، دوو رۆژ لەمەوبەر یاساکە لەلایەن فوئاد مەعسووم سەرۆک کۆماری عێراقەوە، پەسند کرا.