فڕۆكه‌یه‌ك به 118 سه‌رنشینه‌وه رفێندرا
له گه‌شتێكی ناوخۆیی لیبیا رفێندراوه
K24 - هه‌ولێر
فڕۆكه‌یه‌كی هه‌ڵگری 118 سه‌رنشین پاش رفاندنی له گه‌شتێكی ناوخۆیی لیبیا له وڵاتی ماڵتا نیشته‌وه.
میدیاكانی ماڵتا رایانگه‌یاند ئه‌و كه‌سانه‌ی فڕۆكه‌كه‌ی رفاندووه لایه‌نگری مه‌عمه‌ر قه‌زافین.
سه‌رۆك وه‌زیرانی ماڵتا رایگه‌یاند رێوشوێنی ئه‌منیان به‌رامبه‌ر ئه‌و رووداوه‌یان گرتووه‌ته به‌ر.
فڕۆكه له جۆری ئه‌یرباسی A320 سه‌ر به هێلی ئه‌فریقایه و له كاتی گه‌شتێكی ناوخۆیی لیبیا رفێندراوه.
دوو كه‌س تۆمه‌تبارن به رفاندنی ئه‌و فڕۆكه‌یه و هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌یان كردووه.
فۆتۆگرافی رۆیته‌رز به بی بی سی رایگه‌یاند هه‌ندێ سه‌ربازی و ئۆتۆمبێلی هێزه‌كانی تایبه‌تی ماڵتا گه‌یشتنه شوێنی نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه، كه هێزی تایبه‌ت بۆ ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه ره‌وانه كراوه كه فڕۆكه تێیدا نیشتووه‌ته‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌وه ده‌نگۆی ده‌ستپێكردنی دانوستان له‌گه‌ڵ رفێنه‌رانی فڕۆكه‌كه بڵاو بووه‌ته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ورده‌كارییه‌ك ئاشكرا بكرێت.
حكومه‌تی لیبیا رفاندنی فڕۆكه‌كه‌ی پشتڕاست كرده‌وه و میدیاكانی ماڵتاش رایانگه‌یاند سه‌رنشینانی فڕۆكه‌كه ئازادكران.