داعش 250 خێزان لە مووسڵ دەردەکات

داعش بەڵگە فەرمییەكان لە ھاووڵاتیان دەستێنێ و دەریان دەكات

K24 - ھەولێر

رێکخراوی داعش 250 خێزان لە گەڕەکەکانی رۆژھەڵاتی مووسڵ دەردەکات و ژمارەیەك لەو خێزانانە گەیشتونەتە گەڕەكە رزگاركراوەكانی مووسڵ.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە مووسڵ، داعش بەڵگە فەرمییەکانی لە 250 خێزان لە رۆژھەڵاتی مووسڵ ستاندووە و ھەڕەشەی لێکردوون کە دەبێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "بەشێک لەو خێزانانە گەیشتوونەتە گەڕەکەکانی زھوور و عەرا و دەزگا ئەمنییەکانیش لێکۆڵینەوەکانیان لەگەڵ ئەو خێزانانە دەستپێکردووە".

ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ لە 17/10/2016 دەستیپێكرد، بە گوتەی فەرماندە سەربازییەكانی ھێزە عێراقییەكان تا ئێستا زیاتر لە 40 گەڕەك لە دەستی داعش رزگاركراون و ئۆپەراسیۆنەكە بەردەوامە بۆ رزگاركردنی سەنتەری شاری مووسڵ لە دەست چەكدارانی داعش.