كەمی كارەبا ھاووڵاتیانی سلێمانی نیگەران كردووە

"نزیكەی 40% پارێزگای سلێمانی كارەبای بە دوو رۆژ و سێ رۆژ نابێت"

K24 - سلێمانی

سەرەڕای دواكەوتن و سیستمی پەشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کیشەی کەمی کارەباش سەریھەڵدایەوە، كێشەی کەمی کارەبا ھاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی نیگەران کردووە بەجۆرێك ھەفتانە لە 40% ئەو پارێزگایە زیاتر لە 2 رۆژ بێکارەبا دەبن، بۆیە پرۆژەی 20 ئەمپێری پیشنیاز دەکرێت و بڕیارە بدرێتە کۆمپانیاکانی دەرەوە، تا بتوانرێت چەند کاتژمێرێکی زیادە کارەبا بدرێتە ھاووڵاتیان.

سالار ساڵح بەرێوەبەری گشتی کارەبای پارێزگای سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "كاتەكانی پێدانی كارەبا بە ھاووڵاتیان زۆر كەمە نزیكەی 40% پارێزگای سلێمانی كارەبای بە دوو رۆژ و سێ رۆژ نابێت، بۆ چارەسەری ئەو كێشە ھەنوكەیانە پڕۆژەیەكی خۆمان ھەیە، بۆ ئەوەی بتونین ئەو بڕە كارەبایەی لە سنووری سلێمانی ھەیە كاتەكانی پێدانی باشتر بكەین و كێشەكان چارەسەر بكەین، ئەو پڕۆژەیەش بریتییە لە دانانی جۆزەی 20 ئەمپێری بۆ ماڵان".

ھەرچەندە پڕۆژەی دانانی جۆزەی 20 ئەمپێری بۆ ماڵان لە ساڵی پار پیشنیازکرا، بەڵام نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: "سەرنجمان لەسەر جێبەجێنەکردنی پڕۆژەکە دەبێت، کە بۆ لە ماوەکانی رابردوو جێبەجێنەکراوە".