ره‌غد: دوای كۆتاییهاتنی حوكمڕانیمان له عێراق گرووپه توندڕه‌وه‌كان به‌هێزتربوون
ره‌غد سه‌دام حوسێن چۆن باسی له سێداره‌دانی باوكی ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
ره‌غد سه‌دام حوسێن، له چاوپێكه‌وتنكێدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنی "CNN"ی ئه‌مه‌ریكی گوتی: "به‌ر له شه‌ڕی عێراق، چاومان به سه‌دام حوسێن كه‌وت و هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌مان به یه‌كه‌وه كۆبووینه‌وه، ئه‌وه‌ش دواجاربوو كه بینیمان".
سه‌باره‌ت به بینینی ڤیدیۆی له سێداره‌دانی باوكی، ره‌غد سه‌دام ره‌تیكردووه‌ته‌وه سه‌یری ته‌واوی ڤیدیۆكه بكات و ده‌ڵێت: "ته‌نها یه‌كجاریش ڤیدیۆكه‌م نه‌بینیوه و ناشمهه‌وێت ببینم، به‌ڵام ته‌واوی ورده‌كارییه‌كان ده‌زانم".
له باره‌ی رێكخراوی داعشیشه‌وه، كچه گه‌وره‌كه‌ی دیكتاتۆری پێشووی عێراق ئاشكرایكرد، نه له دوور و نه له نزیك په‌یوه‌ندی به‌و گرووپه توندڕه‌وانه‌ی داعش و هاوشێوه‌كانی نییه و ره‌تیشیكرده‌وه به درێژایی مێژووی حوكمڕانی خێزانه‌كه‌یان له عێراق، به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه بووبن.
هه‌روه‌ها گوتی: "به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندیمان به‌و گرووپانه‌وه نییه، ئه‌وه‌یه كه دوای دوای ده‌رچوونی ئێمه و كۆتاییهاتن به فه‌رمانڕه‌واییمان له عێراق، داعش و گرووپه توندڕه‌وه‌كانی هاوشێوه‌ی ئه‌وان، به‌هێزتر بوون".
ره‌غد سه‌دام ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه، له سه‌رده‌می حوكمڕانی باوكی‌دا، ئه‌و گرووپه توندڕه‌وانه و هاوشێوه‌كان، نه‌یانده‌توانی بچنه ناو عێراق و سه‌روه‌ری ئه‌و وڵاته پێشێل بكه‌ن.
له باره‌ی دۆناڵد ترامپ، 45ه‌مین سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا، ره‌غد سه‌دام رایگه‌یاند، ترامپ تازه گه‌یشتووه‌ته سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وان پێویستیان به كاته بۆ ئه‌وه‌ی بزانن له داهاتوودا چ بڕیارێك ده‌دات.
هه‌روه‌ها گوتی: "پێده‌چێت له سه‌ركرده‌كانی پێشتر جیاوازتربێت و هۆشیارییه‌كی زیاتری سیاسی هه‌بێت".
