کۆنفرانسی نێودەوڵەتی نەوت و گاز لە ھەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت
K24 - ھەولێر
بڕیارە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی نەوت و گاز لە ژێر ناوی (کاریگەرییە ژینگەییەکانی پیشەسازی نەوت و گاز، ھەرێمی کوردستان وەک نموونە) لە زانكۆی كۆیە بەڕێوە بچێت.
راگەیاندنی زانكۆی كۆیە رایدەگەیەنێت: "زانکۆی کۆیە دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە بواری نەوت و گاز بە پاڵپشتی زانستیی دەزگای ( IEEE ) نێودەوڵەتی و پاڵپشتی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ساڵی 2017 رێكدەخات.
زانكۆی كۆیە ئەوە دەخاتەڕوو، بە ھەبوونی زیاتر لە 45 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ و 200 تریلیۆن پێی سێجای گازی سروشتی، ھەرێمی کوردستان بە یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی نەوت و گاز دادەنرێت لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، دیارە چالاکییەکانی پێشخستنی کەرتی پیشەسازی نەوت و گاز لە 10 ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو لە ھەرێمی کوردستان گەشەی بەخۆیەوە بینیوە و رووی لە زیادبوون کردووە، ھەربۆیە پاراستنی ژینگەی کوردستان لە کاریگەریەکانی ئەم کەرتە تا دێت زیاتر و پێویستر دەبێت.
روونیشكراوەەتەوە، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کاریگەرییە ژینگەییەکانی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان کە لە شاری کۆیە سازدەکرێت، یەکێک لە شارە دەوڵەمەندەکانی ھەرێمی کوردستانە بە نەوت، چاوەڕوان دەکرێت سەرنجی بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گازی نێودەوڵەتی و ناوخۆی بۆ خۆی رابکێشێت، ھەروەھا خەڵکانی شارەزاو زانایان و ئەندازیاران و خەڵکانی ئەکادیمی و توێژەران و رێکخراوە ناحکومییەکانی ئەم بوارە لە سەرجەم وڵاتانی جیھان.
زانكۆی كۆیە ئەوەی خستوەتەڕوو، کۆنفرانسەكە لە 17 نیسانی2017 دەست پێدەكات و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، بە یەکێک لە چالاکیە ھەرە گرنگەکان دادەنرێت لە کوردستان کە تیایدا بە توێژینەوەی رەسەن کاریگەرییەکانی کەرتی پیشەسازی نەوت و گاز لەسەر ژینگە دەخاتە بەرباس و تاووتوێکردن و دەکرێت ببێتە پلاتفۆڕمێکی گرنگ بۆ دروستکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی لەو بوارەدا.
