ترامپ مژده‌یه‌ك ده‌داته ئیسرائیل
ئاوڕ له لێدوانه بێزاركه‌ره‌كانی ئۆباما مه‌ده‌نه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا، كه بڕیاره 20ی كانوونی دووه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2017، وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته، بچێته كۆشكی سپی، نیگه‌رانی خۆی له سیاسه‌ته‌كانی ئیداره‌ی ئۆباما ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر ئیسرائیل و رایگه‌یاند، هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌مدواییانه‌ی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا، بووه‌ته هۆی تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل.
دۆناڵد ترامپ، له ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نووسیویه‌تی: "هه‌موو شتێك بكه بۆ ئه‌وه‌ی ئاوڕ له لێدوانه بێزاكه‌ره‌كانی ئۆباما و كۆسپه‌كانی نه‌ده‌یه‌وه، راده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات به هێمنی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام ره‌نگه واشنه‌بێت، ناتوانین له‌وه زیاتر به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه بگرین كه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئه‌نجامییانده‌دات، كه رێزی ناگرێت و به ته‌واوه‌تی پشتگوێی خستووه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "پێشتر ئیسرائیل له دۆسته نزیكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوو، به‌ڵام ئێستا... سه‌ره‌تای كۆتایی په‌یوه‌ندییه‌كه‌یه به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئێران و دوایینیشیان بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بوو".
هه‌روه‌ها وه‌ك مژده‌یه‌ك بۆ ئیسرائیل، نووسیویه‌تی: "به‌هێزبه ئیسرائیل رۆژی 20ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ر نزیكبووه‌ته‌وه"، به‌و پێیه‌ی ترامپ له‌و رۆژه‌دا، ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكای راده‌ستده‌كرێت.
رۆژی 23ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2016، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، به زۆرینه‌ی ده‌نگ پرۆژه بڕیارێكی له دژی پرۆژه‌كانی نیشته‌جێكردنی ئیسرائیل په‌سه‌ند كرد له‌سه‌ر خاكی فه‌له‌ستین و رۆژهه‌ڵاتی قودس، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی ئیسرائیلی لێكه‌وته‌وه و لای خۆیانه‌وه ئیداره‌ی ئۆبامایان به ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره تۆمه‌تبار كرد.
هه‌رچه‌نده له‌كاتی خستنه‌ده‌نگدانی پرۆژه بڕیاره‌كه، ئه‌مه‌ریكا ده‌نگی نه‌دا، به‌ڵام مافی ڤیتۆشی بۆ ره‌تكردنه‌وه به‌كارنه‌هێنا له به‌رژه‌وه‌ندی ئیسرائیل، پرۆژه بڕیاره‌كه‌ش، به كۆی 14 ده‌نگی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه په‌سه‌ندكرا.