پوتين: دانابه‌زينه‌ ئاستى ئيداره‌ى ئۆباما

سه‌رۆكى رووسيا ڤلاديمێر پۆتين رايگه‌ياند، وڵاته‌كه‌ى رێكارى پێويست ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌مريكا

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى رووسيا ڤلاديمێر پۆتين رايگه‌ياند، وڵاته‌كه‌ى رێكارى پێويست ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌مريكا، به‌ڵام هيچ ديپلۆماتكارێك ده‌رناكات و دانابه‌زێته‌ ئاستى ئيداره‌ى ئۆباما.

سه‌رۆكى رووسيا گوتيشى: ئێمه‌ له‌ كاتێكى گونجاودا وه‌ڵامى سزاكانى ئه‌مريكا ده‌ده‌ينه‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتى: ئه‌وه‌ مافى خۆمانه‌ هاوشێوه‌ى ئه‌مريكا وه‌ڵام بده‌ينه‌وه‌، به‌ڵام هيچ ديپلۆماتكارێكى ئه‌مريكايى ده‌رناكه‌ين.

هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانييدا، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى رووسيا سێرگى لاڤرۆڤ رايگه‌ياند، رووسيا له‌ سۆنگه‌ى مامه‌ڵه‌ى هاوشێوه‌، وه‌ڵامى سزاكانى ئه‌مريكا ده‌داته‌وه‌.

گوتيشى: وه‌زاره‌ته‌كه‌ى پێشنيازى كردووه‌ 35 ديپلۆماتكارى ئه‌مريكايى له‌ رووسيا وه‌ده‌ر بنرێن.

ئه‌مڕۆ هه‌ينى 30ى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسه‌مبه‌رى 2016، لاڤرۆڤ له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانييدا گوتيشى: تۆمه‌ته‌كانى ئه‌مريكا دژى ديپلۆماتكارانى رووس بێ بنه‌ما و ناڕاستن.

هه‌روه‌ها گوتى: وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ پێشنياز ده‌كات، دوو باڵه‌خانه‌ له‌ باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مريكا وه‌ربگيرێنه‌وه‌ و شوێنى كاركردنيان له‌ مۆسكۆ بچووك بكرێته‌وه‌.

سه‌رۆكى رووسيا ڤلاديمێر پۆتين پێشتر رايگه‌ياندبوو، پڕۆژه‌يه‌كى تايبه‌ت به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى سزاكانى ئه‌مريكا گه‌ڵاڵه‌ ده‌كه‌ن.