تێچووی قەیرانی کۆچبەران لە یۆنان "600 ملیۆن" یۆرۆیە

"پێویستمان بە هاوکارییە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو فشارەی کە بەهۆی کۆچبەرانەوە لەسەر ئابوورییمان دروست بووە"

K24-هەولێر

پارێزگاری بانکی ناوەندیی یۆنان، یانیس ستورناراس رایگەیاند تێچووی بەڕێوەبردنی قەیرانی کۆچبەران لە یۆنان لە خەمڵاندنەکانی پێشوو زیاترە و دەگاتە 600 ملیۆن یۆرۆ بەهۆی ناچاربوونی بەشێکی زۆر لە کۆچبەران بۆ مانەوە لە یۆنان.

بەپێی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئێستا زیاتر لە 41 هەزار کۆچبەر و پەنابەر ناچآر لە یۆنان ماونەتەوە دوای ئەوەی داخستنی سنوورەکان لە ناوچەی بەلقان بووە هۆی شکستهێنانی پلانەکانی ئەو کۆچبەرانە بۆ گەیشتن بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.

ئەمە لە کاتێکدایە مانگی رابردوو سەرچاوەیەکی بانکی ناوەندیی یۆنان پێشبینی کرد وڵاتەکەی پێویستی بە 600 ملیۆن یۆرۆ بێ بۆ ئەنجامدانی هەوڵەکانی فریاکەوتن و دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و دووبارە نیشتەجێکردنی کۆچبەران لە یۆنان.

پارێزگاری بانکی ناوەندیی یۆنان، یانیس ستورناراس بە رۆژنامەی ئیل سول 24 ئوری ئیتالیای راشگەیاند: "ئەم خەمڵاندنە پشتی بەوە بەست بوو یۆنان تەنیا وڵاتی پەڕینەوەیە، بەڵام ئەگەر ئێستا پێویستە لەسەرمان ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران لەخۆبگرین ئەوا پێویستە ئەم خەمڵاندنە هەموار بکرێتەوە".

رێکخراوی هەماهەنگیی ئابووریی و پەرەپێدان هەفتەی رابردوو رایگەیاند: یۆنان پێویستی بە هاوکارییە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو فشارەی کە کۆچبەران لەسەر ئابوورییەکەی دروستی دەکەن".

بەپێی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2015وە تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەر روویان لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کردووە.

هاوکات پێشبینی دەکرێت لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار شەپۆلی چوونی کۆچبەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تورکیاوە بۆ یۆنان دەستپێبکاتەوە، بۆیە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رێگەگرتن لە گەیشتنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکانیان.

ئا: ئا ، ف