سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان: كردەوەی تیرۆریستی دادی تیرۆریستانی دوژمنی خودا و مرۆڤایەتی نادات

K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئیدانه‌ی "كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانی" ئه‌مڕۆی به‌غدا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، كردەوەی تیرۆریستی و ڕەفتاری نامرۆڤانە و دڕندانە بە هیچ شێوەیەك دادی تیرۆریستانی دوژمنی خودا و مرۆڤایەتی نادات.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، وه‌ك له سایتی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه، وێڕای ئەوەی بە توندی ئیدانەی ئەو كردە تیرۆریستیانە دەكات، سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی ئەو ڕووداوە خوێناوییانە دەکات و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ بریندارانی ئەو زنجیرە تەقینەوەیە دەخوازێت.
به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 5ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2017، له‌ناوچه‌ی بابولمهعهزهمی به‌غدا، 2 كه‌س كوژران و 9 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه:
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كردەوە تیرۆریستییەكانی بەغدا ئیدانە دەكات
ڕۆژی پێنجشەممە 5ـی1ـی 2017 لە ئاكامی زنجیرەیەك تەقینەوە و كردەی تیرۆریستی لە هەردوو گەڕەکی عوبێد و باب موعەززەمی شاری بەغدا ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیل شەهید و دەیانی دیکەیش بریندار بوون.
ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وێڕای ئەوەی بە توندی ئیدانەی ئەو كردە تیرۆریستیانە دەكەین، سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی ئەو ڕووداوە خوێناوییانە دەکەین و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ بریندارانی ئەو زنجیرە تەقینەوەیە دەخوازین.
كردەوەی تیرۆریستی و ڕەفتاری نامرۆڤانە و دڕندانە بە هیچ شێوەیەك دادی تیرۆریستانی دوژمنی خودا و مرۆڤایەتی نادات و تیرۆریستان تەنها شكست و ڕووڕەشیان بۆ دەمێنێتەوە.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
5ـی 1ـی 2017