كۆسرەت رەسوڵ: ئەو ناچاونەی پێشمەرگە رزگاری كردوون كوردستانین و ناكشێتەوە
ھەموو كورد لەگەڵ ئەوەیە كە خۆمان حوكمی خۆمان بكەین كێشەی ھێندە گەورەمان نییە تا چارەسەر نەكرێ
K24 – ھەولێر
جێگری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو ناوچانەی پێشمەرگە رزگاری كردوون لێی ناكشێتەوە، ئەو ناوچانە كوردستانین و كەوتوونەتە ناوچە كێشە لەسەرەكان.
لە لێدوانێكی رۆژانامەوانیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "ئەو ناوچانەی پێشمەرگە رزگاری كردوون لێی ناكشێتەوە، ئەو ناوچانە ناوچەی كوردستانین و بە گوێرەی دەستووری عێراق ناوچە كێشە لەسەرەكانن، رێككەوتن لە نێوان ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا ھەیە پێشمەرگە نە دەكشێتەوە و نە دەچێتە پێشەوە ئەو شوێنانە كوردستانن".
لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان و كاریگەری لەسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە كۆسرەت رەسوڵ، جێگری فەرماندەی ھێزە چەكدارەكانی ھەرێمی كوردستان دەڵێت: "كێشە ناوخۆییەكانمان كاریگەری نەكردووەتە سەر پێشمەرگە، زۆربەی پێشمەرگە ھی پارتی و یەكێتییە، ھەموو كورد لەگەڵ ئەوەیە كە خۆمان حوكمی خۆمان بكەین و چارەسەری كێشەكانی خۆمان بكەین، كێشەی ھێندە گەورەمان نییە تا چارەسەر نەكرێ".
سەبارەت بە بارودۆخی دوای ئازاكردنی مووسڵ و رۆڵی كورد لەو نێوەندەدا، جێگری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەڵێ: "ئەگەر لەناو خۆماندا تەبا بین و پێداچوونەوە بە ئیدارەدانی دامودەزگاكانی حكوومەت بكەین، بێگومان دوای شەڕی مووسڵ قازانج دەكەین".
كۆسرەت رەسوڵ پێشی وایە: "شەڕی مووسڵ درێژە دەكێشێت، بەمجۆرە نییە كە ھەندێك كەس پێشبینی دەكەن، چونكە داعش شەڕی خۆكوژی دەكات، بەڵام لە ئەنجامدا شەڕەكە بە زەرەری داعش تەواو دەبێت، لەبەر ئەوەی لە ھەموو شەڕێكدا بەرەی دیموكراتەكان بەسەر تیرۆرستان سەر دەكەوێت".