ئه‌نجلینا و براد بیت ده‌چنه لای قازی
نایانه‌وێت كه‌س ئاگای له كێشه‌كانیان بێت
K24 – هه‌ولێر:
هه‌ر دوو ئه‌ستێره‌ی سینه‌مایی هۆلییوود( ئه‌نجلینا جولی و براد بیت) به CNN)) یان راگه‌یاندووه" بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی نێوانیان دوور له چاوی خه‌ڵكی په‌نا بۆ قازییه‌كی تایبه‌ت ده‌به‌ین".
له به‌یاننامه‌یه‌كیدا كه به ناوی ئه‌و دوو ئه‌ستێره‌یه بڵاوكراوه‌ته‌وه هاتووه" ئه‌نجلینا و براد بیت له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتوون، دۆسیه‌ی جیابوونه‌وه و هه‌موو رێكاره‌كانی به نهێنی به‌رێوه‌ببه‌ن، ئامانجیش پاراستنی مافی تایبه‌تمه‌ندێتی خێزان و منداڵه‌كانیانه".
جولی له مانگی ئه‌یلوولی ساڵی رابردوو، له دادگای باڵای لۆس ئه‌نجلس داوای جیابوونه‌وه‌ی له براد بیتی هاوسه‌ری پێشكه‌شكرد، به‌ڵام به گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كانی دادگا كێشه‌ی ئه‌وتۆ له نێوانیاندایه چاره‌سه‌ركردنی ئه‌سته‌مه".
جیابوونه‌وه‌ی ئه‌و دووانه له ناكاو روویدا، دوای ئه‌وه‌ی له فرۆكه‌یه‌كی تایبه‌تدا بوون، به‌گوێره‌ی راپۆرته رۆژنامه‌وانییه‌كان، براد بیت له به‌رده‌م یه‌كێك له منداڵه‌كانی زۆر تووڕه بووه".
جولی داوای مافی چاودێریكردنی ته‌واوی منداڵه‌كانی له براد بیت كردووه، مافی سه‌ردانیكردنی منداڵه‌كانیشی پێداوه، به‌ڵام هیچ داوایه‌كی بۆ مافی خۆی له هاوسه‌ره‌كه‌ی نه‌كردووه، ته‌نها گوتوویه‌تی" مێژووی جیابوونه‌وه‌مان رۆژی 15/9/2016 یه".
ئه‌و دوو ئه‌ستێره‌یه پاش بوونی په‌یوه‌ندیه‌كی 10 ساڵی له نێوانیاندا، ساڵی 2014 هاوسه‌رگیرییان ئه‌نجامدا، له مانگی 11 ی ساڵی رابردوو براد بیت خۆی له مامه‌ڵكردنی خراپ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی بێبه‌ریكرد و داواكارییه‌كی بۆ چاودێریكردنی هاوبه‌شی نێوان خۆی و ئه‌نجلینا پیشكه‌شكرد.