شاندی پارتی و یەكێتی بارودۆخی ھەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكەن
مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە ھەولێر كۆدەبنەوە
K24 - ھەولێر
بڕیارە سبەی ھەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ھەولێر كۆببنەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە كوردستان24 راگەیاند: "سبەی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە ھەولێر لەبارەی دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان و پەیوەندی نێوان ھەردوولا و چارەسەركردنی كێشەناوخۆییەكانی ھەرێمی كوردستان كۆدەبنەوە".
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكایەتی شاندی پارتی دەكات، ھەروەھا شاندی یەكێتی لەلایەن مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرۆكایەتی دەكرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە دوێنی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەبەستی دەستپێكردنی گەڕی دووەمی كۆبوونەوەكان كۆبووەوە.
لە 20/11/2016، مەسعوود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا بۆ لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، داوای کرد لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەناوخۆییەکانی گفتوگۆ بکەن، بارزانی داواشیکرد گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی و حکوومەت بکرێت.
دوای پەیامەکەی بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک دەستپێشخەری شاندێکی بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان پێکھێنا و گەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەکان ئەنجامدا.