كەشناسی رێژەی بەفربارین لە ھەرێمی كوردستان راگەیاند

لە شارێكی كوردستان 50 سم بەفر باریووە

K24 – ھەولێر

بەڕێوەبەری كەشناسی ھەرێمی كوردستان رێژەی بەفرباینی لە شارەكانی كوردستان ئاشكرا كرد.

فازڵ ئیبراھیم بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستا، بە كوردستان24 راگەیاند: "بە گوێرەی پێوەری كەشناسی لە قەزای مێرگەسۆر بەفربارین لە شار و شارۆچكەكانی دیكە زیاتر بووە و گەیشتوەتە 50 سم، ھەروەھا لە ناحیەی حاجی ئۆمەران و شێروان مەزن 30 سم بەفر باریووە و لە پیرمام 11 سم".

گوتیشی: "ئەم شەپۆلە بەفر و بارانبارینەی رووی لە ھەرێمی كوردستان كردووە، ئەمشەویش كاریگەری دەبێت و سبەی كەشەكە ئاسایی دەبێتەوە".

بەڕێوەبەری كەشناسی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "بەپێی پێشبینییەكان لە سبەینێوە بارستە ھەوایەكی سارد روو دەكاتە ھەرێمی كوردستان و لە سەنتەری شارەكان پلەی گەرمی بۆ 2 پلە ژێر سفر و لە ناوچە شاخاوییەكان بۆ ژێر 10 پلەی سیلزی دادەبەزێت، كەم بارستە ھەوایەش چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت".