سوپای پاسداران مانۆرێكی سەربازی ئەنجام دەدات

ئامانجی مانۆرەكە پیشاندانی ھێز و ئامادەییە بۆ بەرگری ھەمە لایەنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەر جۆرە ھەڕەشەیەك

K24 - ھەولێر

میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە قوناغی سەرەكی مانۆری سەربازی "پارێزەرانی سنووری ویلایەت"ی ھێزی ئاسمانی سوپای پاسداران ئەمڕۆ شەممە دەستیپێكرد.

لەم مانۆرەدا، جۆرەكانی بەرگری ھەوایی و موشەكی، ناوەندی فەرماندەیی كۆنترۆڵ و شەڕی ئەلكترۆنی نمایش دەكرێن.

مانۆری سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران لە كاتێك دایە كە راویژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "رۆژانی چاوپۆشی كردن لە كردەوەكانی ئێران كۆتایی ھاتووە و ئەمریكا ئێدی بەرگەی كردەوە ھاندەرەكانی ئێران ناگرێت كە ھەرەشەن بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا".

ئامانجی مانۆری سەربازی سوپای پاسداران "پیشاندانی ھێز، ھۆشمەندی و ئامادەییە بۆ بەرگری ھەمە لایەنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەر جۆرە ھەڕەشەیەك" ھەر وەك میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە.

سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ لە دوایین ھەڵوێستی بەرامبەر ئێران لە تویتێكدا بڵاوی كردەوە: "ئێران یاری بە ئاگر دەكات، ئەوان قەدری ئەو باشییەی سەرۆك ئۆبامایان نەزانی كە لەگەڵیان ھەبوو، بەڵام من وا نابم".

ھەر رۆژی ھەینی ھەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی ئەمریكا سزا بەسەر 15 كەس و كۆمپانیا سەپاند كە پەیوەندییان بە دوا تاقیكردنەوەی موشەكی ئێران ھەیە، پاش ئەوەی رۆژی یەكشەممەی ھەفتەی رابردوو موشەكێكی بالستی مەودا ناوەند تاقی كردەوە.

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ترەمپ، كۆماری ئیسلامی ئێران بە گرنگترین وڵاتی پشتیوانی تیرۆر دەزانێت كە پشتگیری لە كردەوە توندوتیژیییەكان دەكات بۆ ناسەقامگیركردنی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و تێیاندا بەشدارە.

مانۆری سوپای پاسداران بە دروشمی "ھیمەتی جیھادی، ئیرادەی ئێرانی، دەسەڵاتی شۆڕشگێری، سووكایەتی سزا و ھەڕەشە" لە مەودایەكی 35 ھەزار كیلۆمەتری لە پارێزگای سمنان لە رۆژئاوای تارانی پایتەخت بەڕێوە دەچێت.

JS