شۆڕشی "پێخواسی" له‌ قوتابخانه‌كان ده‌ستیپێكرد

كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاستی زانستی قوتابییان هه‌یه‌

K24 - هه‌ولێر:

قوتابخانه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌ریتانی چووه‌ پاڵ شۆڕشی "پێخواسی له‌ قوتابخانه‌كان" و ئه‌وانه‌ی ده‌ستییان به‌و هه‌ڵمه‌ته‌ش كردووه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، پێخواسی سوودی له‌سه‌ر هه‌ڵسووكه‌وت و ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری له‌سه‌ر  ئاستی زانستی قوتابییانیش هه‌یه‌ له‌ كاتی خوێندن.

به‌گوێره‌ی ئه‌و مامۆستایانه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، ئه‌و كاره‌ ته‌نانه‌ت رێژه‌ی ئاژاوه‌ و پشێوی ناو قوتابخانه‌كانیشى كه‌مكردووه‌ته‌وه‌.

دوای ده‌ستپێكردنی قوتابخانه‌ی ڤێنده‌رن، له‌ شاری دێربی ناوه‌ڕاستی به‌ریتانیا، به‌ په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌، تێبینی ئه‌وه‌ كراوه‌، پێخواسبوونی منداڵان له‌ قوتابخانه‌، كاریگه‌ری كردووه‌ته‌ سه‌ر هه‌ڵسووكه‌وتییان و ئه‌نجامی ئه‌رێنی هه‌بووه‌.

دوای ئه‌وانیش، قوتابخانه‌ی سۆرنتۆنی سه‌ره‌تایی، له‌ باشووری له‌نده‌ن، هه‌مان بیرۆكه‌ی جێبه‌جێكردووه‌.

دی پامفری، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی "وێست سۆرنتۆن" رایگه‌یاند، له‌وه‌ته‌ی قوتابییه‌كان به‌ پێخواسین له‌ قوتابخانه‌، گۆڕانكاری زۆر له‌ هه‌ڵسووكه‌وتییان به‌دیكراوه‌ و ئه‌و هه‌نگاوه‌ سوودى زۆری هه‌بووه‌.

 

ئه‌گه‌ر قوتابییه‌كان حه‌ز بكه‌ن، ده‌توانن له‌سه‌ر زه‌ویش دابنیشن
ئه‌گه‌ر قوتابییه‌كان حه‌ز بكه‌ن، ده‌توانن له‌سه‌ر زه‌ویش دابنیشن

پامفری ده‌ڵێت: "پرسیار له‌هه‌ر منداڵێك بكه‌ی له‌ قوتابخانه‌ پێت ده‌ڵێت، كه‌ هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی جه‌سته‌یی و ده‌روونی زیاتر ده‌كات و سه‌رنجی زیاتری بۆ لای وانه‌كان و فێركردنیش ده‌چێت".

وێڕای ئه‌وه‌ی له‌و قوتابخانه‌ كورسی و پێداویستی خوێندن هه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر قوتابییه‌كان حه‌ز بكه‌ن، ده‌توانن له‌سه‌ر زه‌ویش دابنیشن، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی زیاتری ده‌روونی جه‌سته‌یی بكه‌ن و سه‌رنجی زیاتر بخه‌نه‌ سه‌ر وانه‌كان.

میشێل هال، یاریده‌ره‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی ڤێنده‌رن، ده‌ڵێت: "یه‌كێك له‌ مامۆستیان بیرۆكه‌كه‌ی پێشنیاز كرد، به‌و پێیه‌ی هه‌ندێك توێژینه‌وه‌كان باس له‌ سوودی پێخواسی ده‌كه‌ن، له‌ راستیدا بیرۆكه‌كه‌ جێگه‌ی خۆی گرت و قوتابییه‌كان له‌وپه‌ڕی دڵخۆشی و ئاسووده‌ییدان".

سه‌رچاوه‌: سكای نیوز