ئێران: ترەمپ بە پارەی سعوودییە شەڕمان لەگەڵ دەكات

دوژمنایەتی كردنی ئێران و ھاوپەیمانەكانی لە یەمەن، سوریا و عێراق لە لایەن ئەمریكاوە بە پارەی سعوودییە دەكرێت

K24 - ھەولێر

بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی كۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی وەڵامی  لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەرپرسانی ئیدارەكەی دەدەنەوە و ئامادەیی خۆیشیان بۆ وەڵامدانەوەی ھەر جورە ھێرشێك پیشانداوە و بە ھەڕەشە وەڵامی ھەڕەشەكانی ئەمریكا دەدەنەوە.

میدیاكانی ئێران باس لە زیندووكردنەوەی "ھاوپەیمانی میانڕەوی عەرەبی" لە لایەن ترەمپ دەكەن و ئامانجێشی بە دژایەتیكردنی ئێران بە پارەی سعوودییە دەزانن.

ئاژانسی فارس نیوزی نیوە فەرمی بڵاوی كردەوە ترەمپ بە ئەنقەست پەیوەندی بە سەرانی سعوودییە، میسر، ئیماراتی كرد و پاش ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە شێوازی قسەكردنی ترەمپ گۆڕانكاری بەسەردا ھات و ھەرەشەكانی بەرامبەر ئێران زیادی كرد.

دەشڵێت بڕیارەكەی ترەمپ دژی ھەر حەوت وڵاتی ئێران، عێراق، سوریا، لیبیا، یەمەن، سودان و سۆماڵ بە ھۆی شكستی ئەو وڵاتانە نییە، بەڵكو لەبەر ئەوەیە لە "بەرەی بەرخودان"دان و پشتیوانیی فەڵەستین و لوبنانن و بە بەرستی بەرامبەر سیاسەتەكانی پشتگیری ئەمریكا لە ئیسرائیل دەزانێت.

ھەر لەمبارەوە باس لە پەیوەندیی تەلەفۆنی ترەمپ و پاشای سعوودییە دەكات و دەڵێت لەسەر دوژمنایەتی كردنی ئێران و ھاوپەیمانەكانی لە یەمەن، سوریا و عێراق رێككەوتن، لە بەرامبەر ئەوە سعوودییە تێچوونی ئەو ژێرخانە ئابوورییە دەدات كە ترەمپ لە بانگەشەی ھەڵبژاردن بەڵێنی دابوو.

بە پشت بەستن بە گوتاری شرۆڤەكارێكی عەرەبی دەڵێت ترەمپ دەیەوێت مەترسی ئێران بۆ وڵاتانی كەنداو بە گەورەیی پیشان بدات، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرامبەر پشتگیری كردنیان باجێكی زیاتریان لێوەربگرێت.

JS