ترەمپ شەڕی دژ بە یاسای دۆراند

به‌ریه‌ككه‌وتنی نێوان سه‌رۆك و یاسا له‌م شوێنانه ‌دایه‌

K24  - ھەولێر

بڕیاری هه‌ڵپساردنی مه‌رسومه‌كه‌ی دۆنالد تره‌مپ له‌ لایه‌ن دادوه‌ری فیدراڵی سیاتڵ له‌ باكووری رۆژئاوای ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، زنجیره‌یەكی نوێ له‌ شه‌ڕی نێوان سه‌رۆك و یاسا لێكەوتەوە و بۆ دووەم جارە لە دۆسیەی ھاوشێوە یاسا بەرامبەر كۆشكی سپی سەردەكەوێت.

ئه‌و بڕیاره‌ چییه‌ دادوه‌ری فیدراڵی دژی تره‌مپ ده‌ریكرد؟

جیمس رۆبێرت دادوه‌ری فیدراڵی كه‌ ئۆفیسه‌كه‌ی له‌ سیاتڵی باكووری رۆژئاوای ئه‌مریكایه‌ بڕیاریدا مه‌رسومه‌كه‌ی سه‌رۆك تره‌مپ كه‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌ هاووڵاتیانی 7 وڵاتی زۆرینه‌ موسڵمان به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی ده‌ركراوه‌ رابگیرێت.

دادگای پێداچوونەوەی سان فرانسیسكۆ داواكاری وەزارەتی دادی ئەمریكا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادوەری ویلایەتی واشنتۆنی رەتكردەوە، پاش ئەوەی وەزارەتی دادی ئەمریكا لەسەر داوای ترەمپ داواكارییەكی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادوه‌ری فیدراڵی له‌ سیاتڵ پێشكەش بە دادگایەكی پێداچوونەوە كرد.

پێشتریش چەند دادوەر لە ویلایەتەكانی دیكەی ئەمریكا بڕیاریان لە دژی بڕیارەكەی ترەمپیان دەركردبوو؛ بەڵام دۆسیەكەیان تایبەت بە ھەندێ كەسی دیاریكراوبوو، لە وانە دۆسیەی ھەندێ كەس لە كالیفۆرنیا و نیویۆرك.

ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ترەمپ 

بەڵام بریارەكەی دادوەری سیاتێل بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی ترەمپ بۆ تەواوی ھاووڵاتیانی 7 وڵاتی قەدەغەكراو دەركرا، نەك تەنیا ھەندێ دۆسیەی تایبەت.

لە لایەكی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند ھەموو ئەو كەسانە دەتوانن بێنە ئەمریكا كە ڤیزایان ھەیە  ولە ھەڵپەساردنی ڤیزای 60 ھەزار ھاووڵاتی ئەم 7 وڵاتە پەشیمان بووەوە.

ھەر لەم بارەوە وەزارەتی ئەمنییەتی ناوخۆی رایگەیاند رێوشوێنەكانی پۆلیسی سنوور بۆ سەردەمی كاتی بەر لە دەرچوونی مەرسوم گەڕاوەتەوە و رەوشەكە ئاسایی بووەتەوە.

پاش ئەم گۆڕانكارییە ھەندێ لە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی دەستیان بە گواستنەوەی ھاووڵاتیانی ئەم 7 وڵاتە كرد كە ڤیزای ئەمریكایان ھەیە.

بڕیارەكەی ترەمپ بە ھۆی ئەوەی لە دژی دەستووری ئەمریكایە بەرامبەر كۆچبەران و خێزانەكانیان كردووەتە ئامانج، لەبەر ئەوەی موسڵمانن. ھەربۆیە رەتكرایەوە.

دادوەری فیدراڵی دەسەڵاتی ھەڵپەسردنی بڕیاری نیشتمانی ھەیە.

سەركەوتنی یاسا بەرامبەر كۆشكی سپی

باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لە ساڵی 2014 بڕیارێكی ھاوشێوەی ترەمپی دا بۆ دەركردنی 4 بۆ 5 كۆچبەری نھێنی، بەڵام دادگای باڵا بڕیاری دادوەرێكی فیدراڵ لە تێكساس لە دژی بڕیارەكەی ئۆباما پەسند كرد كە دادوەرەكە پێی وابوو ئۆباما سنووری دەسەڵاتەكانی تێپەڕاندووە و بريارەكەشی ھەڵوەشاندەوە.

بڕیارەكەی ترەمپ بە دەردی بڕیارەكەی ئۆباما چوو و جارێكی دیكە یاسا شەڕەكەی بەرامبەر كۆشكی سپی بردەوە، ئەویش لە كاتێكدا لە ناو تیمی ئیدارەی ترەمپ ناكۆكی لەبارەی ئەم بڕیارەی ترەمپ ھەبوو و میدیا و رێكخراوەكانی كۆمەڵی سڤیل و بیرو رای گشتیش دژی وەستانەوە، سەرباری ناڕەزایەتی وڵاتانی دەرەوە.

شێوازی رەخنەگرتنی ترەمپ و ئەو سووكایەتییەی بە دادوەری فیدراڵی كرد، ھەڵەیەكی گەورە بوو كە بە "بەناو دادوەر" ناوی ھێنا و بڕیارەكەشی بە سووك زانی، ھەروەك پیتێر سبیرۆ مامۆستای ماف لە زانكۆی تمبل لە فیلادێلفیا گوتی.