داعش لە موسڵ بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و نیشانەشكێن ھێرش دەكاتە سەر ھێزەكانی عێراق
نیشانە شكێنەكانی داعش كاریگەرییەكی زۆریان ھەیە، ئەوان چەكدارانی بیانین و زۆریش پابەندن
K24 - ھەولێر
لە رێگەی بێ تێل ھەواڵی قوربانییەكی دیكەی ھێزەكانی عێراق بە ھۆی گولەھاوەنی داعش لە نزیك رووباری دیجلە لە موسڵ بڵاو بووەوە. پۆلیسی عێراق لەو كاتەدا لە ترسی نیشانەشكێنەكانی داعش سەری خۆی دانواند، بەڵام چاوێكی لە ئاسمان بوو.
دوای چەند خولەكێك چەكدارانی داعش فڕۆكەیەكی بی فڕۆكەوانیان بەڕێ كرد و ھەڵگری كامێرای چاودێری و تەقینەوە بوو. پاشان گولەھاوەنەكان لە نزیك شوێنی پۆلیسەكە كەوتنە خوارەوە و بۆ شوێنكی ئەمنتر رایكرد.
كۆلۆنێل فەڵاح حەمەد ھیندی كە سەربازەكانی بوونە ئامانجی داعش بە رویتەرزی گوت "چەكی بژاردەی داعش فڕۆكەی بێ فرۆكەوانە، ھێزەكانی لە رۆژێكدا بەرەنگای 16 ھێرشی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و ھەروەھا گولەھاوەن و نیشانەشكێنەكانی داعش بوون".
ھێزەكانی عێراق لە ماوەی سێ مانگی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی موسڵ، بەشی چەپی شارەكەیان كۆنترۆڵ كرد، بەڵام ھێشتا بەشی راستی شارەكە ژێر كۆنترۆڵی داعش دایە.
داعش بە لێدانی تۆنێل خۆی لە ھێرشە ھەواییەكان دەپارێزێت و لە ھەندێ شوێنیش بوونی داروبار بەربەستی بەردەم ھێرشە ھەواییەكانە.
ئەو فەرماندە سەربازییە دەشڵێت "نیشانە شكێنەكانی داعش كاریگەرییەكی زۆریان ھەیە، ئەوان چەكدارانی بیانین و زۆریش پابەندن".
داعش ھەرچەندە بەشی شاری موسڵ و ناوچەكانی دەوروبەری شارەكەی لەدەستداوە، بەڵام چەكدارانی بۆ شەڕكردن لە كەشوھەوای باران و بەفریش راھێنراوە و "ھیچ رێگەیەك بۆ راكردنیان لە رۆژئاوای موسڵ نەماوە، ھەربۆیە تا مردن شەڕ دەكەن"، ھەر وەك ئەم فەرماندە سەربازییەی عێراق گوتی.
ھەرەھا باس لە بە بەدەستھێنانی زانیاری لە چەكدارانی داعش لە لایەن دانیشتوانی بەری راستی شاركە دەكات، بەڵام "مەترسییەكەی زۆر بەرزە، ھەندێ لەو كەسانە لە لایەن داعشەوە سێدارە دراون".
بەرپرسەكەی ھێزەكانی عێراق ئەوەشی گوتووە "دوو رۆژ بەر لە ئێستا 38 چەكداری داعش بە بەلەم لە رووباری دیجلە پەڕینەوە و دەستیان بە ھێرشكرد، بەڵام ھەموویان كوژران".
پێشی وایە "داعش بەو ھێرشانە دەیەوێت پیشان بدات كە ھێشتا ھەڕەشەن و كۆنترۆڵیان ھەیە".
ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی موسڵ رۆژی 17 تشرینی یەكمی 2016 بە بەشداری 100 ھەزار كەس لە ھێزەكانی عێراق و پێشمەرگە دەستیپێكرد و لە ماوەی سێ مانگدا ناوچەكانی دەوروبەری موسڵ و گەڕەكەكانی بەشی چەپی شارەكەیان كۆنترۆڵ كرد.
JS