شاژنه ئه‌لیزابێس ریكۆرد ده‌شكێنێ
شاژنه ئه‌لیزابێس یادی یۆبێلی یاقووتی ده‌كاته‌وه و له‌نده‌ن 41 تۆپ بۆ یاده‌كه‌ی ده‌ته‌قێنێ
K24 هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ شاژنه ئه‌لیزابیس یادی "یۆبێلی یاقووتی" ده‌كاته‌وه و یاده‌كه‌ش به بۆنه‌ی ئه‌وه‌یه 65 ساڵه له‌سه‌ر ته‌ختی بریتانیا دانیشتووه و شاری له‌نده‌نی پایته‌ختی شانشینی یه‌كگرتوو له ناوه‌ڕاستی شاردا، بۆ یادی شاژن 41 تۆپ ده‌ته‌قێنێ.
ئۆفیسی شاژنی بریتانیا وێنه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه و كه شاژن خشڵ و ملوانكه‌ی یاقووتی به خۆیه‌وه كردووه كه له یاقووتی شین درووستكراوه، ئه‌و خشڵه به نرخه‌ش له‌لایه‌ن شا جۆرجی شه‌شه‌می باوكییه‌وه وه‌ك دیاری هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی له ساڵی 1947 پێشكه‌شیكراوه.
ئۆفیسه‌كه‌ی رایگه‌یاندووه" وه‌ك رۆژانی دیكه شاژن له شوێنی مانه‌وه‌ی له "ساندرینگهام" له رۆژهه‌ڵاتی ئینگلته‌را ده‌بێت. ئێستا شاژنی ته‌مه‌ن (90) ساڵان سه‌ردانی وڵاتانی كه‌مكردووه‌ته‌وه و به شێوه‌یه‌كی رێكوپێكتر ئه‌ركه فه‌رمییه‌كانی له وڵات‌دا به‌ڕێوه‌ده‌بات. مانگی پێشوو شاژن گووتی" ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی له ده‌ره‌وه چاودێری و سه‌رپه‌رشتیم ده‌كرد كه‌مده‌كه‌مه‌وه، له به‌رامبه‌ردا ئیترسه‌رپه‌رشتی و چاودێریكردنی ده‌یان رێكخراوی خێرخوازی و په‌یمانگا و ئه‌كادیمیا و گرووپی وه‌رزشی، ده‌ده‌مه‌وه ده‌ست ئه‌ندامانی دیكه‌ی خانه‌دانی پاشایه‌تی".
شاژنه (ئه‌لیزابێس ئه‌لیكسه‌ندرا ماری) له 21/4/1926 له له‌نده‌ن له‌دایكبووه، یه‌كه‌مین جار ئاهه‌نگی تاج له‌سه‌رنانه‌كه‌ی له ساڵی 1953 له شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌وه گواستراوه‌ته‌وه.
ئه‌لیزابێس هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ شازاده فیلیپی شازاده‌ی یۆنان و دانیمارك كردووه و له هاوسه‌ره‌كه‌ی هه‌ر یه‌كه له شازاده (چارلز و ئان و ئه‌ندرۆ و ئیدوارد) ی هه‌یه.
ئه‌لیزابێس ته‌مه‌نی 25 ساڵان بووه كه باوكی مردووه و كراوه‌ته شاژن، ئه‌و كاته‌ش له‌گه‌ڵ شازاده فیلیپی هه‌وسه‌ریدا له‌گه‌شتێكی وڵاتی كینیا بوو كه هه‌موو ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كه‌ی له ته‌نیشتی بوو.