خامنه‌یی: تره‌مپ رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌مریكای هه‌ڵماڵی
خامنه‌یی سوپاسی تره‌مپ ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، له وتارێكدا كه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 7/2/2017 له به‌رده‌م فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌یدا له تاران پێشكه‌شیكرد، گووتی" دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌مریكای هه‌ڵماڵی".
خامنه‌یی له‌و وتاره‌یدا ئه‌وه‌شی گوتووه" ئێمه سوپاسگوزاری ئه‌و بهرێزهین(تره‌مپ) كه رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌مریكای ئاشكراكردووه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی" زیاتر له 30 ساڵه له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئابووری و ئه‌خلاقی و كۆمه‌ڵایه‌تی ناو سیستمی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی ئه‌مریكا قسه‌ده‌كه‌م، ئه‌م به‌ڕێزه هات و له میانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و پاش ئه‌وه‌ش هه‌مووی ئاشكراكرد".
خامنه‌یی گووتی" له رێگه‌ی ئه‌وه‌وه ده‌ركه‌وت كه ئه‌مریكا چی ده‌كات، ره‌وشی مافی مرۆڤ له‌و وڵاته‌ی ئه‌وان چۆنه: ئه‌وان منداڵی پێنج ساڵانیان به كێبڵ بهستهوهتهوه".
ئه‌و قسانه‌ی خامنه‌یی پاش ئه‌وه‌هات كه ئیداره‌ی نوێی تره‌مپ هه‌ڵمه‌تێكی دژی ئیران له ئاستی میدیایی و كرده‌یی ده‌ستپێكردووه، پێشتریش میدیاكانی ئیران بڵاویانكرده‌وه كه هه‌فته‌ی رابردوو له یه‌كێك له فڕۆكه‌خانه‌كانی ئه‌مریكادا، ده‌سه‌ڵاتدارانی فرۆكه‌خانه‌كه منداڵێكی ته‌مه‌ن 5 ساڵانی ئێرانی‌یان به كێبڵ به‌ستووه‌ته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی تره‌مپ به بڕیارێك گه‌شتكردنی له هاووڵاتیانی 7 وڵاتی زۆرینه موسڵمان كه ئێران یه‌كێكه له‌وان قه‌ده‌غه‌كردبوو، دواتر دادگای فیدراڵی بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپی راگرت.