ئه‌مڕۆ ریال مه‌درید یارییه زه‌حمه‌ته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر ڤیاریال ده‌كات
ماركا: ئه‌نجامی ئه‌م یارییه چاره‌نووسی ریال مه‌درید یه‌كلایی ده‌كاته‌وه
یانه‌ی ریال مه‌درید بۆ له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی له یارییه‌كی ئاگریندا رووبه‌ڕووی ڤیاریال ده‌بێته‌وه، میدیاكانی ئیسپانیا جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ شكست و هه‌ڵه له‌به‌رده‌م یاریزانانی شایانه نه‌ماوه.
بڕیاره ئه‌مشه‌و له كاتژمێر 10:45 خولهك به كاتی باشووری كوردستان، یانه‌ی ریال مه‌درید ببێته میوانی یانه‌ی ڤیاریال، یاریی چوونی نێوان ئه‌م دوویانه‌یه به‌یه‌كسانبوون به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هاتبوو.
رۆژنامه‌ی ماركا به مانشێتێكی گه‌وره نووسیویه‌تی: ئه‌مشه‌و هه‌ڵه‌كردن بڤه‌یه و هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ شكست نه‌ماوه.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، بۆ یه‌كه‌مجار دوای 163 رۆژ (بی بی سی)ـیه‌كه‌ی ریال مه‌درید بۆ ئه‌م یارییه هاوشانی یه‌كتر ده‌رده‌كه‌ون.
زیزۆ ترسی هه‌یه
زینه‌دین زێدان له پرێس كۆنفراسێكدا پێش یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و یارییه‌كه‌ی به‌زه‌حمه‌ت وه‌سف كرد و راشیگه‌یاند كه شكسته‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردوویان له‌بیر كردووه و بۆ ده‌ستخستنی 3 خاڵی یارییه‌كه به‌ره‌نگاری ڤیاریال ده‌بینه‌وه.
زیزۆ گوتیشی: بۆ ئه‌م یارییه گاریس به‌یل به ته‌واوه‌تی ئاماده‌یه و پیپی و ناچۆ گه‌ڕاونه‌ته‌وه و ڤاران و دانیلۆش به‌هۆی پێكانه‌وه له‌گه‌ڵمان نابن.
پێكهاته‌ی پێشبینیكراوی ریال مه‌درید
گۆڵپارێز: ناڤاس
به‌رگریكاران: مارسێلۆ، پیپی، رامۆس و كارڤاخاڵ
ناوه‌ڕاستكاران: كرووس، كاسێمیرۆ و مۆدریچ
هێرشبه‌ران: كریستیانۆ، بێنزێما و به‌یل
پێكهاته‌ی پێشبینیكراوی ڤیاریال
گۆڵپارێز: ئاسێنخۆ
به‌رگریكاران: ماریۆ، مووساچیۆ، ڤیكتۆر و كۆستا
ناوه‌ڕاستكاران: جۆتان، برۆنۆ، تیریگوێرۆس، كاستیخۆ
هێرشبه‌ران: باكامبۆ و ئه‌دریان
یانه‌ی ریال مه‌درید به 52 خاڵ لوتكه‌ی لالیگای گرتووه و یارییه‌كی دواخراویشی به‌رامبه‌ر سێلتا ڤیگۆ هه‌یه، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی ڤیاریال به 39 خاڵ پله‌ی شه‌شه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ی گرتووه.