ئه‌مڕۆ بارسێلۆنا به‌رامبه‌ر ئاتڵێتیكۆ مه‌درید ته‌نیا ترسی له یه‌ك شت هه‌یه
بزانه مێژوو له به‌رژه‌وه‌ندی كام یانه‌یه و كام یاریزان زۆرترین جار تۆڕی ئاتڵێتیكۆی هه‌ژاندووه
له هه‌فته‌ی 24ـه‌مینی لالیگای ئیسپانیا، یانه‌ی بارسێلۆنا بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ ڕووده‌كاته مه‌دریدی پایته‌خت، بارسا له ماوه‌كانی رابردوو زۆرترین خاڵی له‌م یانه‌یه وه‌رگرتووه، كه‌ته‌لۆنیاییه‌كان بۆ ئه‌م یارییه ته‌نیا ترسی له ناوبژیوان هه‌یه كه مێژوویه‌كی شۆك و ره‌شی له‌گه‌ڵ ناوبژیوانییه‌تی یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و هه‌یه.
بڕیاره ئه‌مشه‌و له كاتژمێر 06:15 خوله‌ك به كاتی باشووری كوردستان، له یاریگه‌ی ڤیسێنتی كالدیرۆن یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید میوانداریی یانه‌ی بارسێلۆنا بكات، یاریی چوونی نێوان ئه‌م دوویانه‌یه به یه‌كسانبوون به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هاتبوو.
یانه‌ی بارسێلۆنا بۆ ئه‌م یارییه له تواناكانی خاڤێر ماسكیرانۆی به‌رگریكاری یانه‌كه‌ی بێبه‌شه، به‌وپێیه‌ی هێشتا 100% له پێكانه‌كه‌ی چاكنه‌بۆته‌وه و ئێنریكی راهێنه‌ری بارسا نایه‌وێت سه‌ركێشی به‌م یاریزانه بكات.
ئه‌م یارییه له لایه‌ن (ماسیۆ لاهۆز) به‌ڕێوه ده‌چێت، كه یه‌كێكه له شۆكترین راهێنه‌ره‌كانی بارسا، به‌وپێیه‌ی ئه‌و یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه بیره‌وه‌ری ناخۆشی له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوبژیوانه هه‌یه، خراپترین بیره‌وه‌ریش ڕه‌تكردنه‌وه‌ی گۆڵێكی میسی بوو له وه‌رزی 2013 ـ 2014، ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و گۆڵه هه‌ژمار كرابا، بارسا ناسناوه‌كه‌ی ده‌برده‌وه.
گرینگ‌ترین ئامار و رووداوه‌كانی ئه‌م دوویانه‌یه
ـ بارسێلۆنا له دوایین 13 یاری خۆی به‌رامبه‌ر ئاتڵێتیكۆ مه‌درید له لالیگا نه‌دۆڕاوه، 10 سه‌ركه‌وتن و 3 یه‌كسانبوونی هه‌یه.
ـ دوایین سه‌ركه‌وتنی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید له لالیگا له دژی بارسێلۆنا له 2010 بوو، كاتێك ئه‌نجامی (2 ـ 1) یارییه‌كه‌ی برده‌وه برده‌وه.
ـ بارسێلۆنا له مێژووی خۆیدا له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانییه‌تییه‌كان 229 جار رووبه‌ڕووی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید بۆته‌وه، بارسا 101 یاری بردۆته‌وه، 76 یاری دۆڕاندووه و 52 یاریش به‌یه‌كسانبوون كۆتایی هاتووه.
ـ هێرشبه‌رانی بارسا له مێژووی خۆیاندا 434 گۆڵیان له ئاتڵێتیكۆ كردووه، له‌به‌رامبه‌ردا یانه مه‌دریدییه‌كه 345 جار تۆڕی كه‌ته‌لۆنیاییه‌كانیان هه‌ژاندووه. له 48 یاریش تۆڕی هه‌ردوولا به خاوێنی ماوه‌ته‌وه.
ـ بارسێلۆنا و ئاتڵێتیكۆ مه‌درید له لالیگا 159 جار رووبه‌ڕووی یه‌كتربوونه‌ته‌وه، بارسا 71 یاری بردۆته‌وه، 38 یاری به‌یه‌كسانبوون ته‌واو بووه، 50 یاریش به سه‌ركه‌وتنی ئاتڵێتیكۆ كۆتایی هاتووه، له 37 یاریش هیچ لایه‌ك نه‌یانتوانیوه تۆڕی یه‌كتر بهه‌ژێنن.
ـ گریزمان له دوایین 2 یاری خۆی له یاریگه‌ی ڤیسێنتی كالدیرۆن به‌رامبه‌ر بارسێلۆنا 3 گۆڵی كردووه، دوو گۆڵیان به لێدانی سه‌ر بووه.
ـ مێسی تاكه یاریزانی له مێژووی بارسێلۆنا زۆرترین گۆڵی له ئاتڵێتیكۆ كردووه (26) گۆڵ.
ـ مێسی له مێژووی خۆیدا به‌شداری تۆماركردنی 30 گۆڵی له دژی ئاتڵێتیكۆ كردووه و 26 گۆڵیشی دروست كردووه.
پێكهاته‌ی پێشبینیكراوی بارسێلۆنا
گۆڵپارێز: تیر شتیگن
به‌رگریكار: سێرجی رۆبێرتۆ، پیكی، ئۆمتیتی و ئالبا
ناوه‌ڕاستكاران: ئینیێستا، بوسكێتس و راكیتیچ
هێرشبه‌ران: مێسی، سوارێز و نێیمار
بارسێلۆنا به كۆكردنه‌وه‌ی 51 خاڵ پله‌ی دووه‌می لالیگای گرتووه و به جیاوازی خاڵێك له یانه‌ی ریال مه‌دریدی پێشه‌نگ دووره، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید به كۆكردنه‌وه‌ی 45 خاڵ خانه‌ی چواره‌می گرتووه.