راهێنه‌رێك، كێشه‌كانی ریال مه‌درید ئاشكرا ده‌كات
پێیوایه یاریزانه‌كان سه‌ریان له زێدان شێواندووه
دوای ئه‌وه‌ی یانه‌ی ریال مه‌درید له به‌رامبه‌ر لاس پاڵماس كه‌وته داوی یه‌كسانبوون و پێشه‌نگی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی بارسێلۆنا له‌ده‌ستدا، ئه‌مه‌ش دێل بۆسكی راهێنه‌ری پێشووی یانه‌ی ریال مه‌دریدی هێنایه ده‌نگ و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌و هه‌موو ئه‌ستێره‌یه‌ی له یانه‌ی شایانه كۆبۆته‌وه سه‌ریان له زێدان شێواندووه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 2 ئاداری 2017، ڤیسێنتی دێل بۆسكی راهێنه‌ری پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا و یانه‌ی مێرنگی له لێدوانێكدا كه له پێگه‌ی Goalـی ئینگلیزی‌دا بڵاو كرایه‌وه جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه زێدان كه‌وتۆته ژێركاریگه‌ری راگه‌یاندنه‌كان و پێكهاته‌كه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌خنه و گله‌ییه‌كانی میدیاكان داده‌ڕێژێته‌وه.
دێل بۆسكی ده‌شڵێت: زێدان خاوه‌نی چه‌ندان ئه‌ستێره‌ی وه‌ك ئیسكۆ و خامیس و مۆراتایه، له كاتێكدا یاریزانی باشتریش هه‌یه، ئه‌مه‌ش زێدانی ناچار كردووه له پێناو دڵڕازیكردنی سه‌رجه‌م ئه‌ستێره‌كان به‌شداریی به هه‌مووان بكات، ئه‌مه‌ش گرفتی بۆ زیزۆ دروست كردووه كه نه‌توانێت پلانێكی روون و پێكهاته‌یه‌كی جێگیری هه‌بێت.
دێل بۆسكی ته‌مه‌ن 66 ساڵ كه پێشتر له نێوان ساڵانی 1987 تا 2003 وه‌ك راهێنه‌ری تیپی لاوان و یه‌كه‌می یانه‌كه به‌رده‌وامبووه، له دوایین لێدوانی‌دا داوا له زێدان ده‌كات نه كه‌وێته ژێركاریگه‌ری راگه‌یاندنه‌كان و پلانێكی تایبه‌ت به‌هۆی هه‌بێت.