یانه‌یه‌ك مێسی به فلسێك ناوێت
سه‌رۆكی یانه‌یه‌ك: ئه‌گه‌ر مێسی به به‌لاشیش بێت ئێمه نامانه‌وێت
لیۆنێل مێسی هه‌ڵگری 5 ناسناوی تۆپی زێرینی تایبه‌ت به باشترین یاریزانی جیهان خه‌ونی زۆرینه‌ی یانه‌كانی دنیایه، به‌ڵام سه‌رۆكی یانه‌یه‌ك ره‌تی ده‌كاته‌وه ئه‌گه‌ر مێسی به به‌لاشیش بكڕێت.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه: 2 ئاداری 2017، محه‌مه‌د سه‌ید ئۆزكان، سه‌رۆكی یانه‌ی (ئاڵتینۆردو) كه یانه‌یه‌كی پله‌یه‌كی توركیایه له لێدوانێكدا كه له پێگه‌ی 101greatgoalsـی ئینگلیزی‌دا بڵاو كرایه‌وه‌ته‌وه، ده‌ڵێت: ئێستا ئێمه خه‌ریكی ژێرخانێكی وه‌رزشی به‌هێزین و ده‌رفه‌تمان به چه‌ندان یاریزانی لاو داوه، دڵنیام له داهاتوودا ده‌دره‌وشێنه‌وه.
سه‌رۆكی یانه توركه‌كه ده‌شڵێت: ئێمه بیر له گواستنه‌وه‌ی یاریزانانی ده‌ره‌كی ناكه‌ینه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر لیۆنێل مێسی ـیش به‌لاش بۆ ئێمه بێت ڕه‌تی ده‌كه‌ینه‌وه و به فلسێكمان ناوێت.
لیۆنێل مێسی ته‌مه‌ن 29 ساڵ ئه‌م وه‌رزه له 36 یاری 36 گۆڵی كردووه، هه‌روه‌ها به 21 گۆڵ سه‌رلیستی گۆڵكارانی لالیگای گرتووه و تاكه یاریزانه له‌سه‌ر ئاستی سه‌رجه‌م خوله‌كان كه له 2017 توانیویه‌تی 13 گۆڵ تۆمار بكات.
