ئیتلاعات رێگه له یادكردنهوهی شاعیرێكی كورد دهگرێت
قائیمقامی شنۆ: بۆ شێواندنی بیرو رای گشتی کەڵکی لێوەردەگیرت
K24 - ههولێر:
یادی شاعیری کورد مارف ئاغایی, کە بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە لە شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەبچێت، لەلایەن ئیدارهی ئیتلاعاتی شارەکەوە هەڵوەشایەوە.
قایمقامی شنۆش رایگەیاند, بۆیە یادکردنەوەکە هەڵوەشاوەتەوە، بۆ بانگەشەی حزبی و هەڵبژاردنەکان و شێواندنی بیرو رای گشتی کەڵکی لێوەردەگیرت.
یادکردنەوەیەک کە رۆژێک بەرلە بەڕێوەچوونی لە شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هەڵوەشێنرایەوە. نزیکەی دوومانگ لەمەوەبەر ئێزنی بەڕێوەچوونی ئەم یادە وەرگیرابوو و داوا لە نووسەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرابوو لێکۆڵێنەوە و وتارەکانیان بۆ دەستەی بەڕێوەبەری یادکردنەوەکە بنێرن، بەڵام ئێورەی رۆژی بەرلە بەڕێوەچوونی، قایمقامی شنۆ لە راگەیەنراوێکدا بە پاساوی کەڵکوەرگرتن لە کەرەستەکانی حکومەت و ئەدیبان و شاعیران بۆ بانگشەکانی هەڵبژاردن پێشی بە بەڕێوەچوونی گرت.
ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆش کە چەندین ساڵە رۆژانی پێنجشەممە کۆبوونەوە ئەدەبیەکانی بەڕێوە دەبات، بڕیاربوو بۆ رێزگرتن لەم یادە کۆبوونەوەیەکەی خۆی بەڕێوە نەبات، بەڵام دوای هەڵوەشاندنەوەی یادکردنەوەکە، لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەیکاندا بڵاوی کردەوە ئەوان کۆڕەکەی خۆیان بەڕێوە دەبن.
عەبدولکەریم حسێن زادە نوێنەری شارەکانی شنۆ و نەغەدە لە پەرلەمانی ئێران پشتیگریی بەڕێوەچوونی ئەم یادەی دەکرد و ئەمەش بەڵگەیەکی پێشگرتن بە بەڕێوەبردنی یادەکردنەوەکەیە.
مارف ئاغایی شاعیری کۆچکردووی شنۆیی٢٦ی حوزەیرانی ١٩٦٦ لە گوندی وەزنێی سەر بە شاری نەغەدە لە دایک بووە و ١٤ی شوباتی ١٩٩٨ کاتی گەڕانەوە لە پرسەی کۆچی دوایی مینا خانمی قازی هاوسەری پێشوا قازی محەمەد لە نێوان مەهاباد ورمێ بە هۆی روودای هاتووچۆ گیانی لەدەست دا و کۆمەڵە شێعری" زەوی سەخت و ئاسمان دووری" لەپاش بەجێماوە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئاغایی، بە کوردستان ٢٤ی راگەیاند: لە رواڵەتدا یادکردنەوەکە بە بیانووی بانگشەکردن بۆ هەڵبژارنەکان هەڵوەشاوەتەوە و پێویستە بۆ ساغبوونەوەی هۆکارەکەی چەند رۆژێک چاوەڕوان بین.
لە کاتێکدا ئەم یادکردنەوەیە لە لایەن دەزگاکانی سەر بە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڵدەوشێتەوە کە چەند ساڵێکە پێش بە بەڕێوەچوونی فستڤاڵی چیرۆکی کوردی لە بانە دەگیرت و دوو ساڵیشە ئێزن نادرێت لە شاری پیرانشار فستڤاڵی شێعری کوردی و فستیڤاڵی فۆلۆکلۆری مۆسیقا و گۆرانیی کوردی بەڕێوەبچێت. هەفتەیەک لەمەوبەریش لە تاران یادکردنەوەی هەڵەبجە بە پاساوی زۆربوونی میوانی بانگهێشتکراو و کەمبوونی شوێن هەڵوەشایەوە.