کلدو ئاشووريیەکان داواى مافی ئۆتۆنۆمی ده‌كه‌ن

ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان: ھۆکارێکه‌ بۆ دروستبوونی شەڕی مەزھەبی

K24 - هه‌ولێر:

لایەنە کلدو ئاشووريیەکان داوا دەکەن مافی ئۆتۆنۆمیان پێبدرێت، لە رەشنووسی دەستووری ھەرێمی کوردستانیش ماددەیەکی تایبەت بەو داواکاریيە جێگیر کراوە، ئەوان دەڵێن، ئەو داواکاريیە پرۆژەیەکە مێژووەکەی بۆ چل ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە و بۆ ئەوان باشترە مافی خۆبەرێوەبردنیان پێبدرێت.

ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆرانیش ئەم داواکاریە بە ھۆکارێک دەزانێت بۆ دروستبوونی شەڕی مەزھەبی لە ھەرێمی کوردستان.

لە رەشنووسی دەستووری ھەرێمی کوردستان، مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کریستیانەکان لە ماددەی 35 جێگیر کراوە، کە دەمێکە لایەنە کلدۆ ئاشۆریەکان داوای ئەوە دەکەن، مافی بەرێوەبردنی خۆیان ھەبێت، سەرۆکی حزبی بەیت نەھرەینیش تایبەت بە کوردستان 24 ئاشکرای دەکات ئەو داواکاریە جگە لەوەی کۆدەنگی ھەموو لایەنە مەسیحیەکانی لەسەرە، لە ھەمانکاتیشدا پشتیوانی نێودەوڵەتیشی بەدەستھێناوە.

بزووتنەوەی گۆران یەکێک لەو حزبانەیە دژی ئەو داواکاریە دەوەستێتەوە، ئەوان دەڵێن ناکرێت ھەر ئاین و نەتەوەیەک لە ھەرێمی کوردستان بوونی ھەبێت، داواکاری مافی ئۆتۆتنۆمی بکات، چونکە پێیان وایە دواجار ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی ھەرێمی کوردستان وەکو عێراق ببێتە وڵاتێکی پر لە گرژی ئاڵۆزی و ئاڵۆزی مەزھەبی.

لەگەڵ بەدەستھێنانی مافی خۆ بەرێوەبردن، کریستیانەکان دوای ئازادکردنەوەی ناوچەکانیان داوای بوون بە پارێزگایەکی سەربەخۆش بۆ دەشتی نەینەوا دەکەن، کە وەک خۆیان دەیڵێن زۆرترین ئاماژەکان بۆ ئەوەن پارێزگاکە ئەگەر سەربەخۆش نەبێت، سەر بە ھەرێمی کوردستان دەبێت و جارێکی دیکە نە بەرێوەبردنیان نە پارێزگاری لێکردنیان نادەنەوە دەست بەغدا.