بارزانی بە راشكاوانە وەڵامی پرسیارە ھەستیار و گرنگەكانی دایەوە

بە رێگەی دیالۆگ نەخشە رێگەیەك بۆ ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و عێراق دابنرێت

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان ئومێد سەباح لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەش لەگەڵ ئەندامانی شاندی سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ رایگەیاند "سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەم شاندە پێداگری لەسەر ئەوەی كرد بە رێگەی دیالۆگ تەواوی پرسەكان چارەسەر دەكرێن و دەكرێت لە رێگەی دیالۆگەوە نەخشە رێگەیەك بۆ ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و عێراق دابنرێت.

گوتیشی "لە كۆبوونەوەكەدا بە راشكاوانە باس لە كێشەكان كران و لەگەڵ چۆنییەتی گرتنەبەری ھەنگاوی پراكتیك بۆ چارەسەركردنیان".

ھەر لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاماژەی بەوەدا "سەرۆك بارزانی و شاندی سەنتەری رافیدەین باسیان لە دەستپێكردنی دیالۆگی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق كرد".

ھەر لەم كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، تاڵیب محەمەد گوتەبێژی سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ بە خستنەڕووی ئامانجی سەردانی شاندی سەنتەرەكەیان گوتی "كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لەسەر داھاتووی پەیوەندییەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق بوو و ئەندامانی شاندەكە بە ئاشكرا پرسیارەكانیان لە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كرد و زۆر بە باشی و راشكاوانە وەڵامەكانی پرسیارەكانی دایەوە".

گوتەبێژی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان ئومێد سەباح و گوتەبێژی سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ تاڵیب محەمەد
گوتەبێژی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان ئومێد سەباح و گوتەبێژی سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ تاڵیب محەمەد

گوتیشی "سەنتەرەكەیان ناوەندێكی سەربەخۆ و ھزریە كە بە دوای رێگاچارەیەكی باش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق دەگەڕێت و ھەر بۆ ئەم مەبەستەشی سەردانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستانیان كرد".

پەرلەمانتار عەقیل عەبدولحوسێن ئەندامی شاندەكە لە لایەن خۆیەوە گوتی "لە كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان باس لە خاڵە ھەستیار و گرنگەكان كرا و بە راشكاوانە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە".

رۆژی شەممە 11 ئادار، شاندێكی سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ كە ناوەندەكەی لە نەجەفە، سەردانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستانیان كرد و ئامانجیشیان چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدایە، بە تایبەتی ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان، ھەروەك گوتەبێژانی ھەردوو لا باسیان لێوە كرد.

 JS

كۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی و شاندێكی سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ، 11 ئاداری 2017
كۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی و شاندێكی سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ، 11 ئاداری 2017