"له خاكی هۆڵه‌ندا ده‌رچن"
پۆلیسی هۆڵه‌ندا تیمه‌كانی چه‌ند میدیایه‌كی توركیا له وڵاته‌كه‌ی ده‌رده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
پۆلیسی هۆڵه‌ندا رۆژی شه‌ممه رێككه‌وتی 11/3/2017 جگه رێگه‌گرتن له وه‌زیری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانیی توركیا ، دوو تیمی رۆژنامه‌وانی ئاژانسی ئه‌نادۆڵ و كه‌ناڵی فه‌رمی ده‌وڵه‌تی توركیا ،TRT ی ئاگاداركرده‌وه هۆڵه‌ندا جێبهێڵن.
په‌یامنێری ئاژانسی ئه‌نادۆڵ رایگه‌یاندووه" له‌وكاته‌ی له به‌نزینخانه‌یه‌كی نزیكی رۆتر‌دام ئه‌و دوو تیمه پشوویان وه‌رگرتبوو، پۆلیس چووه‌ته سه‌ریان و دوای ئه‌وه‌ی وردبینیان بۆ ناسنامه‌كانیان كردوون، پێیانگوتوون هۆڵه‌ندا جێبهێڵن بڕۆن.
به‌رپرسێكی پۆلیسی هۆڵه‌ندی به میدیاكانی وڵاته‌كه‌ی گوتووه" پشكنینی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه بۆ ئه‌وه بووه، تا بزانن ئایا "فاتمه به‌توڵ سیان كایا" له‌و ئۆتۆمبێلانه‌دایه یان نا.
دوای ئه‌وه‌ی پۆلیس بۆ ماوه‌ی كاتژمێرێك لێپرسینه‌وه‌یان له دوو تیمه میدیاییه‌كه و به‌رپرسانی وه‌زاره‌ت كردووه، داوایان لێكردوون خاكی هۆڵه‌ندا جێبهێڵن و بچنه ئه‌ڵمانیا.
ته‌نانه‌ت پۆلیس ئۆتۆمبێله‌كانی به ئاره‌سته‌ی خاكی ئه‌ڵمانیا بردووه و تا كردوونیه‌تییه ده‌ره‌وه‌ی سنووری هۆڵه‌ندا له‌گه‌ڵیان بووه.
ئه‌و رووداوه هاوكاتی راگرتنی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی وه‌زیری كۆمه‌ڵایه‌تی و كاروباری خێزانیی توركیابوو، سادین ئای یڵدز كونسوڵی توركیا له رۆتر‌دام رایگه‌یاند" ده‌سه‌ڵاتدارانی هۆڵه‌ندی رێگه‌یان نه‌داوه وه‌زیر بچێته كونسوڵخانه‌ی توركیا له شاره‌كه".
كونسوڵی توركیا گوتبووی" نازانم پۆلیس له كوێ رێگه‌یان له وه‌زیر گرتووه، به‌ڵام كه‌ناڵی "NOS" ی هۆڵه‌ندی رایگه‌یاندبوو، ئه‌وكاته‌ی رێگه له فاتیمه به‌توڵ گیراوه، له شوێنێكی نزیك كونسوڵخانه‌كه بووه له شاری رۆتر‌دام.



