هۆزه عهرهبهكان دژى پهيهده و داعش سوپا دادهمهزرێنن
لە شاری ئورفا 50 سەرۆک عەشیرەتی عەرەبی سووریا كۆبوونهوه.
K24 – ههولێر:
لە شاری ئورفا 50 سەرۆک عەشیرەتی عەرەبی سووریا بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسى ئەو ناوچانهى لە لایەن پەیەدەوه كۆنترۆڵكراوون،کۆبوونەوە و دەستیان بەکارەکانیان بۆ دامەزراندنی پێکھاتەی سەربازیی و سیاسی کرد.
٥٠ عەشیرەتی عەرەبی ناوچەکانی رەققە، حەسەکە و دێرزور، کۆبوونەوەیەکیان لە ھۆتێلی ھەڕان لە شاری ئورفا ساز کرد.
کۆبوونەوەکە لە ژێرناونیشانی "کۆنگرەی عەشیرەت و ھۆزە سوورییەکانی ناوچەی ئەلجەزیرە و فورات" ساز کرا کە تێدا ناوەکەی بەشێوەی "ھەموو پێکەوە ھەوڵەکانمان بۆ کۆتایی ھێنان بە داگیرکاری ئەسەد-رووسیا-ئێران و حزبوڵڵا و داعش و پەیەدە کۆدەکەینەوە" ئاشکرا کرا.
لەبارەی کۆبوونەوەکەوە راگەیەندراوێک بڵاو کرایەوە کە واژووی گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای عەشیرەت و ھۆزە سوورییەکان مودار حەمەد ئەلئەسعەدی تێدایە و راگەیەندراوە کە لە پێناو پاککردنەوەی ناوچەکانی ئەلجەزیرە و فورات لە سووریا لە رێکخراوانی تیرۆریستی، "سوپای عەشیرەتەکانی ئەلجەزیرە و فورات" دادەمەزرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاشکرا کراوە کە پێکھاتەی سەربازییەکە لە لایەن فەرماندەکانی ههڵگهڕاوه لە سوپای رژێمی ئەسەد و سوپای سووریای ئازاد بەڕێوە دەچێت.
سەرکردەی عەشیرەتی شوەیتان، شێخ رافی ئەلرەجۆ ئوکلا گوتەیەکی لە دەستپێکی کۆبوونەوەکە پێشکەش کرد و رایگەیاند: "ئەمریکا پشتوانی لە پەیەدە دەکات. پەیەدە ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ داعش نییە. پەیەدە ھاووڵاتییەکی زۆری ناچاری کۆچ کرد و عەرەبەکانی لە زیاتر لە ٥٠ گوند ناچاری کۆچکردن کرد".
ئوکلا ئاماژەی بەوە دا کە لە ژێر ماسکی ئایین و نەتەوەپەرستی، سووریا رادەستی تیرۆریستان کراوە و گوتیشی: "بە چاوپۆشینی تەشەنەکردنی تیرۆر لە سووریا و ھاتنی شەڕخوازە بیانییەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھاوپەیمانان بەرپرسیارێتیان جێبەجێ نەکرد. بۆیە ئێمە لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی ھێنان بە توندوتیژی، دژی تیرۆر خەباتمان کرد".
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە وەک عەشیرەت و ھۆزەکانی سووری، درێژە بەرەنگاربوونەوە دژی رێکخراوانی تیرۆریستی دەدەن و گوتیشی: "بانگەوازی بۆ ھێزەکانی نێودەوڵەتی دەکەم کە لە پێناو پاککردنەوەی تیرۆری داعش، پەیەدە و ئەسەد لە ناوچەی فورات و ئەلجەزیرە، ھاوکاریمان بکەن".
نوکلا بەھۆی مێوانداریکردنی تورکیا لە سێ ملیۆن پەنابەر و ھاوکارییەکانی قەتەر و سعوودیە، ستایشی ئەو وڵاتانەی کرد.
سەرکردەی عەشیرەتی شوەیتان لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی: "ھیواخوازم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوکاری گەلی سووریا دەکات و ھەرچی زووە کۆکوژی و کۆچکردن بوەستێت. ئارەزوو دەکەین داگیرکاری رووسیا و ئێران، تیرۆری پەیەدە، داعش و حزبوڵڵا کۆتایی پێ بێت".
سهرچاوه: ئهنادۆڵ