شه‌ڕ گه‌یشته نزیك مینبه‌ری "خه‌لیفه"
كوردستان24 وێنه‌ی ناوچه‌كانی نزیكی ئه‌و مزگه‌وته بڵاوده‌كاته‌وه كه ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ساڵی 2014 بۆ یه‌كه‌مجار تێیدا ده‌ركه‌وت
K24 - هه‌ولێر:
ئێستا شه‌ڕ گه‌یشتووه‌ته ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری مزگه‌وتی گه‌وره‌ی ئه‌لنوور له رۆژئاوای شاری مووسڵ، ئه‌و مزگه‌وته‌ی رۆژی 4/7/2014 دوای نزیكه‌ی مانگێك له داگیركردنی شاری مووسڵ، ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی رێبه‌ری داعش یه‌كه‌م وتاری تێدادا و وه‌ك "خه‌لیفه" ی موسڵمانان خۆی ناساند.
ئه‌و مزگه‌وته ده‌كه‌وێته رۆژئاوای شاره‌كه، ئێستا ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كان گه‌یشتووه‌نه نزیك مزگه‌وته‌كه و دوای رزگاكردنی چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی دیكه، مزگه‌وته‌كه‌ی "خه‌لیفه" كه‌وتووه‌ته ناو سێره‌ی چه‌كی هێزه‌كانی عێراقه‌وه.
پێشڕه‌وی هێزه عێراقییه‌كان بۆ گه‌وره‌ترین مۆڵه‌گه‌ی ریكخراوه‌كه به‌رده‌وامه و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی سوپای عێراقی، ته‌نها 20% شاری مووسڵ به‌ده‌ست چه‌كدارانی داعشه‌وه ماوه، ئه‌و به‌شه‌ی شاره‌كه‌ش دانیشتوانێكی زۆری تێدایه و كۆڵانه‌كانی ته‌نگه و به به‌راورد به رۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه شه‌ڕكردن تێیدا سه‌ختتره.