سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان 100 فایلی گەندەڵی بۆ دەستەی دەستپاكی دەنێرێ
"بەردەوام داتا و زانیاریمان لەسەر گەندەڵی پێدەدرێت"
K24 - ھەولێر
دەستەی دەستپاكی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەردەوام لەلایەن سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستانەوە داتا و زانیاریان لەسەر گەندەڵی پێدەدرێت، ئاشكرای دەكات سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان 100 فایلی گەندەڵی بۆ ناردون.
دەستەی دەستپاكی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "گەندەڵی وەک پەتایەکی ترسناک لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان بوونی ھەیە، بەبێ جیاوازی لە شارەدێ و قەزا و پارێزگاکان ، کەم و زۆری گەندەڵی پەیوەستە بە زۆری دام و دەزگاکا رەسمیەکان و بڕی ئەو بووجەیەی کە بۆیان تەرخان دەکرێت".
لە بەشێكی روونكردنەوەكەدا ھاتووە: "ئەو دەستەیە بە یاسا دامەزارەوە و بەپێی ھاوکاری دامو دەزگا فەرمییەكان ناتوانێت ھیچ ئەرکێکی جێبەجێ بکات، بۆیە لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانەوە بە سوپاسەوە بەردەوام زانیاری و داتایان لەسەر گەندەڵی بۆ ناردووین، لە ساڵی رابردوو زیاتر لە 100 فایلی لەسەر گەندەڵی بۆ ناردووین و لەرووی ماددی و مەعنەوییەوە ھاوکارییان کردوین. حکومەتی ھەرێم و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری، دیوانی چاەدێری دارایی، داواکاری گشتی، رێکخراوەکانی کۆمەڵەی مەدەنی، راگەیاندنەکان، ھەموویان ھاوکاربوون لە پڕۆسەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی".
دەقی روونكردنەوەی دەستەی دەسپاکیی ھەرێمی کوردستانەوە
دەستەی دەسپاکی ھەرێمی کوردستان وەک دەزگایەکی تایبەتمەند کە بە یاسا دامەزراوە و کار لەسەر دژایەتی گەندەڵی دەکات. بە ھۆی نەبوونی توانایی مرۆیی و ماددی تەنھا لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک بەڕێوەبەرایەتی و کادری متفریغی ھەیە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی، واتا ئێمە لە نیوەی ھەرێمی کوردستان ھیچ نووسینگەمان نییە بۆ ئەوەی کارەکانی تێدا ئەنجام بدەین.
لەم ڕۆژانە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر کاروچالاکییەکانیساڵی 2016 بڵاوکردەوە. لەو بارەیەوە بەپێویستمان زانی ئەم چەند خاڵە ڕوون بکەینەوە:
1- گەندەڵی وەک پەتایەکی ترسناک لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان بوونی ھەیە، بەبێ جیاوازی لە شارەدێ و قەزا و پارێزگاکان ، کەم و زۆری گەندەڵی پەیوەستە بە زۆری دام و دەزگاکا رەسمیەکان و بڕی ئەو بووجەیەی کە بۆیان تەرخان دەکرێت.
واتە ئێمە دڵنیاین کە سەرجەم ئەو زانیاریانەی لای ئێمە ھەن لەسەر بوونی گەندەڵی تەنھا بەشێکن لەوەی لە واقیعدابوونی ھەیە.
2- ئێمە داتای سەرجەم زانیاری و داواکان، بڵاودەکەینەوە، بەپێی یاسا ھەر زانیارییەکمان بۆ بێت، دەبێـت تۆماری بکەین. ئەگەر مەسەلەکە تەنھا سەرپێچیی کارگێریش بێت،دوایی پۆڵێن دەکرێت و بەپێی پسپۆڕی تەعامولی لەگەڵ دەکرێـت. زۆر جار لەسەریەک بابەت چەندین زانیارییمان پێ دەگات.
3- سەرۆکی دەستە بە ھیچ شێوەیەک باسی ھیچ پارێزگایەکی ھەرێمی نەکردووە کە گەندەڵی زۆرتربێـت لەوانی تر، وەک ئەوەی لە میانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەی ڕووداو دا کراوەتە مانشێتێکی لاوەکی. بەڵکو تەنھا داتاکان خراوەنەتەڕوو، بەپێچەوانەوە داوای سزایی و ھەواڵدەری لە ھەولێر لە ھەندێ قۆتاغدا لە سلێمانی و دھۆک کەمتربووە، ھەندێک جاریش نزیک بوون لە یەکتریەوە، ئاماری داوایی ھەواڵدەری و سزایەکان لە ھەر سێ پارێزگاکان بۆ ساڵی 2016 بەم شێوەیە بوو:
داوای ھەواڵدەری داوای سزایی
ھەولێر 54 51
سلێمانی 70 70
دھۆک 70 70
داوایی ئیحالەکراوە بۆ دادگاکان
ھەولێر 9
سلێمانی 10
دھۆک 33
ئێستا ژمارەی داوا سزاییەکان کە ماوەتەوە بەم شێوەیە:
داوایی سزایی
ھەولێر 65
سلێمانی 51
دھۆک 22
ئەو ژمارانە بەردەوام گۆڕانکارییان بەسەردادێن و بەشێک لە داوا سزاییەکان لە پارێزگاکانەوە دەگوازرێتەوە ھەولێر بەو پێی یە پایتەختە و وەزارەتەکانی لێیە بەپێی پسپۆڕی شوێن، یا ھەندێکیان دادەخرێن بە بڕیاری دادوەرانی لێکۆڵینەوەی دەسپاکی.
4- بەنیسبەت ھاوکاریی دەستەی دەسپاکی، ئەو دەستەیە بە یاسا دامەزارەوە و بەپێی ھاوکاری دام و دەزگا ڕەسمییەکان ناتوانێت ھیچ ئەرکێکی جێ بەجێ بکات، بۆیە لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانەوە بە سوپاسەوە بەردەوام زانیاری و داتایان لەسەر گەندەڵی بۆ ناردووین لە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە (100) فایلی لەسەر گەندەڵی بۆ ناردووین و لەڕووی ماددی و مەعنەوییەوە ھاوکارییان کردون. حکومەتی ھەرێم و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری، دیوانی چاەدێری دارایی، داواکاری گشتی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵەی مەدەنی، ڕاگەیاندنەکان، ھەموویان ھاوکاربوون لە پڕۆسەی دژایەتی گەندەڵی.