وەبەرهێنانی هەولێر هۆکاری راگرتنی کڕین و فرۆشتن لە 35 پڕۆژەدا ئاشکرا دەکات

سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر راگەیاند: بڕیاری راگرتنی کڕین، فرۆشتن و رێکلامکردن بۆ 35 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە هەولێر بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی پێداویستیی راستەقینەی شارەکە و پاراستنی مافی هاووڵاتییان دراوە؛ ئاشکراشی کرد کە بەشێک لەو پڕۆژانە مۆڵەتیان نییە و لە سۆشیاڵ میدیادا هاووڵاتییان فریو داوە.

پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، وردەکاریی راگرتنی کڕین، فرۆشتن و رێکلامکردن بۆ 35 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە پایتەختی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات.

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر، گوتی: بڕیاری راگرتنی کڕین، فرۆشتن و رێکلامکردن بۆ 35 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنێکدایە بۆ کەرتی نیشتەجێبوون و بە ئامانجی پاراستنی مافی هاووڵاتییان دراوە.

سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی دەرکردنی بڕیارەکە، سامان عارەب روونی کردەوە، لە سنووری پارێزگای هەولێردا کۆمەڵێک پڕۆژەی نیشتەجێبوون هەن مۆڵەتیان هەیە و لە قۆناخی جێبەجێکردندان و شارەکەش پێویستی بە ژمارەیەکی دیاریکراو یەکەی نیشتەجێبوون هەیە؛ بەڵام لەو 35 پڕۆژەیەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، بەشێکیان مۆڵەتیان هەیە و لە قۆناخی تەرخانکردنی زەوی یان وەرگرتنی رەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکاندان و، بەشەکەی دیکەشیان مۆڵەتیان نییە.

ئاشکراشی کرد، بەشێک لە نووسینگەکانی خانووبەرە و خودی هەندێک لە وەبەرهێنەران، بێ تەواوکردنی قۆناخەکانی پێدانی مۆڵەت، دانانی پارە لە ژمارەی بانکی و پەسەندکردنی گرێبەستەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانەوە، هەستاون بە ئەنجامدانی گرێبەست و رێکلامکردن بۆ فرۆشتنی یەکەکان بە هاووڵاتییان.

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، دەرکردی بڕیارەکە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە: یەکەمیان؛ ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێکی واقیعی و زانستییە بۆ پێداویستیی هەولێر بە یەکەی نیشتەجێبوون کە ئامانجی سەرەکیی بڕیارەکەیە، دووەمیشیان؛ پاراستنی مافی هاووڵاتییە تا لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستدا بزانێت چی دەکڕێت و ئایا پڕۆژەکە مۆڵەتی هەیە یان لە قۆناخی راییکردندایە.

جەختیشی کردەوە، پێشتر ئەو وەبەرهێنەرانە یەکە بە یەکە بە نووسراوی فەرمی ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام پابەند نەبوون و زۆرجاریش لە سۆشیاڵ میدیادا هاووڵاتییان فریو داوە؛ هەر بۆیە دەستەی وەبەرهێنان رێکاری یاسایی گرتووەتە بەر تا لە رێگەی پارێزگای هەولێر، قایمقامییەت و ژووری بازرگانییەوە تەواوی ئەو پڕۆژانە بە ناو و ناونیشانەوە رابگیرێن و نەتوانن گرێبەست و کڕین و فرۆشتن ئەنجام بدەن.

 

هۆکاری دیاریکردنی وادەی 1ـی ئایاری 2027 و رێگری لە دووبارەبوونەوەی سکاڵاکان

دەربارەی دیاریکردنی ماوەی راگرتنەکە تا 1ـی ئایاری 2027، سامان عارەب گوتی: ئەو ماوەیە وادەی هەڵسەنگاندنە بۆ ئەوەی بزانن ئایا هەولێر پێویستی بەو یەکانە هەیە یان نا.

روونیشی کردەوە، لە واقیعدا ئەو پڕۆژانە راگیراون و هیچیان کاری بونیاتنان ناکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکیان تەنیا زەوییان بۆ تەرخان کراوە و کۆمەڵێک رێکاری پێویستی ئەندازەیی و وەرگرتنی رەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ماوە و ئەگەری هەیە هەندێکیان هەر مۆڵەتیشیان پێ نەدرێت، چونکە قۆناخی تەرخانکردنی زەوییەکەیان قۆستووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەکانی رابردوودا ژمارەیەک هاووڵاتی سکاڵایان تۆمار کرد، بەوەی پارەکانیان فەوتاوە؛ بۆیە لە پێناو رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو حاڵەتانە لە داهاتوودا، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی تەواوی ئەو 35 پڕۆژەیە رابگرن.

 

چارەنووسی کڕیاران و سزا یاساییەکانی سەرپێچیکاران

سەبارەت بە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانەی پێشتر یەکەیان لەو 35 پڕۆژەیەدا کڕیوە، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر گوتی: بەشێکی کەمی ئەو 35 پڕۆژەیە شوقە و یەکەکانیان خستووەتە بازاڕ، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری لیستەکە مۆڵەتیان هەر نییە. راگەیاندنەکەش بۆ ئەوەیە هاووڵاتی بزانێت ئەو پڕۆژانە ئێستا راگیراون و پەنا نەباتە بەر نووسینگەکانی خانووبەرە بۆ کڕینیان.

بۆ ئەو هاووڵاتییانەش کە گرێبەستیان لە پڕۆژەیەکدا کردووە و پارەیان داوە، سامان عارەب ئاشکرای کرد، بەشێک لە وەبەرهێنەرەکان ئاگادار کراونەتەوە کە پارەی وەرگیراو بگەڕێننەوە بۆ هاووڵاتییان کە بەپێی پێشبینیی ئەوان زۆربەیان تەنیا قیستی یەکەم و دووەمیان داوە و بڕە پارەی زۆریان بە کاش نەداوە، هەر هاووڵاتییەکیش ببینێت وەبەرهێنەر بەدەنگەییوە نایەت و مافەکەی بۆ ناگەڕێنێتەوە، دەتوانێت بچێت لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان سکاڵا تۆمار بکات.

جەختیشی کردەوە، هیچ گرێبەستێک لەسەر ئەو پڕۆژانە بەبێ رەزامەندیی ئەوان بە یاسایی هەژمار ناکرێت و گەڕاندنەوەی ئەو پارانەش بۆ هاووڵاتییان کارێکی ناچاری (ئیلزامی)ـیە؛ ئەگەر وەبەرهێنەر پارەکە نەگەڕێنێتەوە، ئەوا زەویی پڕۆژەکەی لێ وەردەگیرێتەوە و دۆسیەکەشی رەوانەی دادگا دەکرێت.

هەروەها ئەگەر خاوەن پڕۆژەکان، پابەندی بڕیاری راگرتنی کڕین و فرۆشتن نەبن لە پڕۆژەکانیان، رێکارە یاساییەکان بریتی دەبن لە وەرگرتنەوەی زەوییەکە، داخستنی ئۆفیسی کۆمپانیاکە و کردنەوەی دۆسیە لە رێگەی داواکاری گشتییەوە.

 

هەماهەنگیی دامودەزگاکان و مەرجەکان بۆ پڕۆژەکانی دیکە

سامان عارەب دووپاتی کردەوە، کە جگە لەو 35 پڕۆژەیە، بڕیارەکە هیچ پڕۆژەیەکی دیکە ناگرێتەوە؛ بەڵام بۆ پڕۆژەکانی دیکەش دوو خاڵ گرنگن کە دەبێت هاووڵاتی پابەندیان بێت: یەکەمیان هێنانی گرێبەستەکانە بە سێ نوسخە بۆ ئەوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانەوە پەسەند بکرێن و، دووەمیان ئەوەیە پارە ڕاستەوخۆ نەدەنە وەبەرهێنەران، بەڵکو لە رێگەی ژمارە بانکییەکەوە بێت کە لە بانکێکی باوەڕپێکراو لە هەرێمی کوردستان و هەولێر کراوەتەوە و وەبەرهێنەر پابەند کراوە بە دانانی پارەکان تێیدا، تا لە ئەگەری هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا پارەکە لە دەستێکی ئەمیندا بێت.

سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەشی، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر سوپاسی هاوکارییەکانی پارێزگاری هەولێر، قایمقام و ژووری بازرگانی کرد و ئاشکرای کرد، کە تیمەکانی قایمقامیەت لە رێگەی پۆلیسی شارەوانییەوە ئۆفیسی ئەو پڕۆژانەیان داخستووە کە پابەند نەبوون و، نوێنەری وەبەرهێنانیش ئەندامی لیژنەکەیە بۆ بەسەرکردنەوەی یەکە بە یەکەی شوێنەکان، هاوکات ژووری بازرگانیش کە سەرپەرشتیی نووسینگەکانی خانووبەرە دەکات، هەماهەنگ و هاوکاریانە لەو بابەتەدا.

سامان عارەب، پەیامێکی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد، کە هۆشیار بن و بزانن چی دەکڕن و چۆن پارەکانیان لە بانک دادەنێن و دڵنیا بن لەوەی ئایا گرێبەستەکە لە لایەن حکوومەتەوە پەسەند کراوە یان نا.

دووپاتیشی کردەوە، بۆ هەر گرێبەستێک کە لەلایەن ئێمەوە پەسەند نەکرابێت و پارەی قیستی هاووڵاتییەکە لە ژمارەی بانکیی یەکەی نیشتەجێبووندا دانەنرابێت، ئێمە ناتوانین بەرپرسیارێتیی راستودروستیی ئەو کڕین و فرۆشتنە لە ئەستۆ بگرین.