پیكێ دیسان هه‌رای نایه‌وه
پێیوایه ریال مه‌درید به ئۆفساید ناسناوێكی چامپیۆنزلیگی بردۆته‌وه
جیرارد پیكێ به‌رگریكاری یانه‌ی بارسێلۆنا، له‌گه‌ڵ پێچانه‌وه‌ی جانتایه‌كه‌ی و دووركه‌وتنه‌وه‌ی له هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا جه‌نگه‌كه‌ی له دژی ریال مه‌درید ده‌ستپێكرده‌وه.
جیرارد پیكێ به‌رگریكاری هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا له دوای یارییه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر فره‌نسا راسته‌وخۆ له‌به‌رده‌م میدیاكان به‌زمه‌كانی پێشووی ده‌ستپێكرده‌وه، كاتێك له به‌رسیڤێكی رۆژنامه‌نووساندا گوتی: ئه‌وه‌ی گومانی له گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی بارسێلۆنا به‌رامبه‌ر پاریس سانجێرمان هه‌بێت هیچ له تۆپی پێ تێناگات.
پیكێ گوتیشی: میدیاكان ته‌نیا باسی ئێمه ده‌كه‌ن، ئه‌ی بۆ كه‌س باسی ناسناوه‌كه‌ی چامپیۆنزلیگی ریال مه‌درید ناكه‌ن كه به گۆڵێكی ئۆفسایدی رامۆس جامه‌كه‌ی بۆ یانه‌كه‌ی به‌رز كرده‌وه.
پیكێ له وه‌ڵامێكی رۆژنامه‌نووساندا گوتیشی: هه‌رگیز به كۆمێنت و ره‌خنه‌كانی رامۆس و مارسێلۆ تۆڕه نابین، ئه‌وان پێشتر هه‌ر شتێكیان گوتووه ئازادن، به‌ڵام له هه‌موو بارێكدا ئێمه مێژوومان دروست كرد و هاوشانی ئه‌وان له قۆناخی هه‌شتی چامپیۆنزلیگین.
جیرارد پیكێ ده‌شڵێت: ئێمه زیاتر له هه‌موو یانه‌یه‌ك داوامان كردووه له یارییه‌كاندا پشت به ناوبژیوانی ڤیدیۆییمان ببه‌سترێت، به‌ڵام تا ئێستا نه‌چۆته بواری جێبه‌جێكردن.