داوا دەكرێت ھەڵبژاردن لە كەركووك ئەنجام بدرێت

"داوا لە هەموولایەک دەکەین شایستە داراییەکانی کەرکووک خەرج بکرێت"

K24 - كەركووك

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەوان وەکو فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق داوا دەکەن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە شاری کەرکووک بەڕێوەبچێت. ئاماژەی بەوەشدا، داوا لە هەموولایەک دەکەین شایستە داراییەکانی کەرکووک خەرج بکرێت.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "داوادەکەین بەپێی یاسا و دەستوور چارەسەری کێشەکانی کەرکووک بکرێت، ئێمە لەگەڵ ئەوانەدانین کە دەستوور لەو شارەدا لەکاردەخەن، داوا دەکەین بەبێ هیچ کۆت و مەرجێک هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە کەرکووک ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەی چیدیکە دانیشتوانی ئەو شارە لە مافە یاساییەکانیان بێبەش نەبن  و وەکو هەر پارێزگایەکی دیکە  سوود لەو مافە یاساییانەیان ببینن، بەیەک دەنگ داوا لە هەمووان دەکەین شایستە داراییەكانی کەرکووک خەرج بکرێت".