"ئه‌مریكا هێرش ده‌كاته‌سه‌ر ده‌وروبه‌ری دیمه‌شق"
پۆتن: رووسیا ئاگاداری پلانه‌كه‌یه
K24 - هه‌ولێر:
ڤلادیمێر پۆتن، سه‌رۆكی رووسیا، رایگه‌یاند" رووسیا زانیاری له‌به‌رده‌ستدایه، كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، پلان بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی مووشه‌كیی نوێ بۆ سه‌ر سووریا داده‌ڕێژێت و بیانووی بۆ ئه‌و كاره‌ش، به‌كارهێنانی گازی كیمیاییه له‌لایه‌ن رژێمی سووریا و ئامانجیش رووخاندنی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌ده".
له راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی "ده‌یلی مه‌یل"ـی بریتانیدا كه رۆژی سێ شه‌ممه 11/4/2017 بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌كراوه كه " سه‌رۆكی رووسیا ئه‌مریكای به‌وه تۆمه‌تباركردووه، كه ده‌یه‌وێت به‌هۆی ئه‌و پرسه‌وه(هێرشی كیمیایی رژێمی ئه‌سه‌د) به‌شار ئه‌سه‌د له‌سه‌ر كورسی حوكم لابدات".
پۆتین ئه‌و قسانه‌ی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ هاوتا ئیتالییه‌كه‌ی"سێرجیۆ ماتاریلا" پێش چه‌ند كاتژمێرێك له گه‌یشتنی"ریكس تیلرسۆن" وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ مۆسكۆ كردووه، كه دوای كۆبوونه‌وه‌ی وڵاتانی G7 به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی دیدار و كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هاوتا رووسییه‌كه‌ی گه‌یشته ئه‌و وڵاته".
پۆتن له وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی هێرشی زیاتری ئه‌مریكا بۆ سه‌ر سووریا گووتی" زانیاریمان هه‌یه ئه‌مریكا خۆی بۆ ئه‌نجامدانی هێرشێكی دیكه ئاماده ده‌كات و هێرشه‌كه‌ش ده‌كرێته‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی سووریا له ده‌وروبه‌ری دیمه‌شقی پایته‌خت و پلانیان داڕشتووه تا هه‌ندێك كه‌ره‌سته‌ی دیكه بڵاوبكه‌نه‌وه و دواتر رژێمی سووریای پێ تۆمه‌تباربكه‌ن و بڵێن "چه‌كی كیمیایی" به‌كارهێناوه".
له‌گه‌ڵ ئه‌و قسانه‌دا، پۆتن گووتی" رووسیا داوا له رێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌كی كیمیایی ده‌كات، ده‌رباره‌ی هێرشه‌كه‌ی نزیك ئه‌دلب لێكۆڵینه‌وه بكات".