"هێندێک دەزگەی راگەیاندنی کوردی بەزۆر دەیانەوێت هێندێک کەس بکەنە ئەستێرە لە کاتێکدا هێشتا زۆریان ماوە ببنە رۆژنامەوانی باش"

بەڕێوەبەری گشتی کوردستان 24 باسی ئاسته نگەكانی بەردەم راگەیاندنی کوردی دەکات

K24- هەولێر:

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر، بەڕێوەبەری گشتی دامەرزاوەی کوردستان 24 باسی لە ئاستەنگەگانی بەردەم دەزگە میدیاییەکان ومیكانیزمی باشترکردنیان کرد.

لە پانێلێکدا، هەریەك لە نوورەدین وەیسی, بەڕێوەبەری گشتی کوردستان24، غاده عاملی بەڕێوەبەری گشتی دەزگەی ئەلمەدا و عەلی شەللاه, سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی تۆڕی میدیایی عێراقی، باسيان لە کێشە وئاستەنگەکانی بەردەم بەڕێوەبردنی دەزگە میدیاییەکان و نەریتە رۆژنامەوانییە باوەکانیان لە کوردستان وعێراق وناوچەکەدا کرد.

بەڕێوەبەری گشتی کوردستان 24 ئاماژەی بەوە کرد، بە بەراورد لەگەڵ چەند ساڵی رابردوو، میدیای کوردی تا راددەیەک لە رووی جۆری و ناوەڕۆکەوە بەرەوپێشەوە چووە، بەڵام هێشتاش بەدەست دەیان کێشە وگرفتەوە دەناڵێنێت، لە سەرووشیانەوە نەبوونی میدیاکاری شارەزا و پرۆفیشناڵ, کە ئەرکەکانی بە باشی رابپەڕێنێت.

گوتیشی: "هێندێک دەزگەی راگەیاندنی کوردی بە زۆر دەیانەوێت هێندێک کەس بکەنە ئەستێرە لە کاتێکدا هێشتا زۆریان ماوە ببنە رۆژنامەوانی باش".

پیشانگەی نێودەوڵەتی کتێب ساڵانە لە هەولێر دەکرێتەوە و دەیان دەزگەی چاپ وبڵاوکردنەوەی کتێب لە کوردستان و عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان, بەشداری تێدا دەکەن.