كۆنتی ده‌بێته راهێنه‌ری بارسێلۆنا؟
ئه‌وانه‌ی بۆ شوێنگره‌وه‌ی ئێنریكی به‌ربژێركرا بوون بێهیوا ده‌بن
سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیسپانیا، ئاشكرای كردووه كه له ئێستا بارسێلۆنا چاوی خستۆته سه‌ر كۆنتی و ده‌یه‌وێت بۆ هاوینی داهاتوو رێكه‌وتنێكی گرانبه‌های له‌گه‌ڵ واژۆ بكات.
ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه، 16 نیسانی 2017، پێگه‌ی Don Balonـی ئیسپانیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا هه‌وڵه‌كانی به ئاراسته‌ی ئه‌نتۆنیۆ كۆنتی راهێنه‌ری چێڵسی ده‌ستپێكردووه.
سه‌رچاوه ئیسپانیاییه‌كه به‌وه ناسراوه كه زۆرترین زانیاری دروست بڵاو ده‌كاته‌وه، ئه‌مجاره‌یان به وروژاندنی ئه‌م بابه‌ته گڕی له میدیاكانی ئه‌ورووپا به‌ردا.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، جۆسێپ بارتۆمیۆی سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا بڕیاریداوه ئه‌ركی راهێنانی یانه‌كه‌ی راده‌ستی راهێنه‌رێكی گه‌وره بكات، باشترین كه‌سیش كه ته‌واوی ئه‌ندامانی كارگێری یانه‌كه له‌سه‌ری كۆكن، راهێنه‌ره ئیتاڵیاییه‌كه‌ی یانه‌ی شینپۆشه‌كانی له‌نده‌نه.
لویز ئێنریكی راهێنه‌ری ئێستای بارسێلۆنا له كۆتایی ئه‌م وه‌رزه یانه‌كه‌ی جێده‌هێڵێت، پێشتریش میدیاكانی نزیك له بارسا چه‌ندان كه‌سیان بۆ شوێنگره‌وه‌ی ئێنریكی به‌ربژێر كرد بوو، دیارترینیان (ڤاڵڤێردی، پۆچیتینیۆ، رۆناڵد كۆیمان و خۆرخی سامپاولی) بوون.